وەزارەتی تەندروستی: ژمارەیەکی کەم لە هاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان دەبن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزارەتی تەندروستی: ژمارەیەکی کەم لە هاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان دەبن

بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایی گەیاند، ژیان لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەی نائاسایی ئاسایی بووەتەوە و ئەگەر ھاووڵاتییان پابەندی ڕێنماییەکان نەبن، ئەوا پەتای کۆرۆنا زیاتر تەشەنە دەکات.

د.خاڵس قادر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە  وەزارەتی تەندروستی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بە بەراورد بە مانگەکانی پێشوو کە سەرەتای سەرھەڵدان و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بوو، ئێستا ژیان ئاسایی بووەتەوە و گەڕاوەتەوە بۆ دۆخی خۆی، بەڵام بەھۆی ئەوەی قەرەباڵغی دروست بووەتەوە و تاڕادەیەک کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکان دەستیان پێ کردووەتەوە و کەمترین ھاووڵاتی دەستکێش و دەمامک بەکار دەھێنن، پێمانوایە ژیان بە شێوەی نائاساییی ئاسایی بووەتەوە".

گوتیشی: "ھەرچەندە وڵاتانی ئەورووپاش ژیانیان ئاسایی کردووەتەوە، بەڵام بەھۆی پابەندبوونیان بە ڕێنوێنی تەندروستی و خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا، دەبینین کەمترین ڕێژەی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا تۆمار دەکریت، بەپێچەوانەوە لە ھەرێمی کوردستان ڕێژەکە لە بەرزبوونەوەدایە و لە پارێزگایەکی وەک سلێمانی ڕۆژانە ژمارەی تووشبوان دەگاتە ١٠٠ حاڵەت".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی ھۆشداری دایە ھاووڵاتییان کە لە مانگی داھاتووەوە بەھۆی ھاتنی وەرزی سەرما پەتای دیکەش بڵاو دەبێتەوە و ئەوکات تەندروستیی تووشبوان و قورسایی سەر نەخۆشخانەکایش خراپتر و گرانتر دەبێت، بۆیە پێویستە خۆیان بپارێزن و پابەندی تەواوی ڕێنوێنییە تەندروستی و خۆپاریزییەکان بن.