فەرەنسا هۆشداریی لە هەرەسهێنانی لوبنان دەدات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

فەرەنسا هۆشداریی لە هەرەسهێنانی لوبنان دەدات

فەرەنسا هۆشداریی لە هەرەسهێنانی لوبنان دەداتە سیاسەتمەدارانی ئەو وڵاتە.

ئەنیس ڤۆن دێر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، سیاسییەکانی لوبنان لەنێوان دوو بژارەدان، هەڵسانەوە یان هەرەسهێنانی لوبنان و دەبێ یەکێکیان هەڵبژێرن.

ئەنیس ڤۆن دێر هۆشداریی داوە لەوەی، ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی لوبنان ”بە زووترین کاتی گونجاو“ حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیان پێک نەهێنن، ئەوا لوبنان بەرەو هەرسهێنان دەچێت.

بەپێی هەواڵێکی (سکای نیوز)، فەرەنسا گوشار دەخاتە سەر لایەنە سیاسییەکانی لوبنان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان لە مەترسیی هەرەسهێنان و لەبەریەک هەڵوەشانەوە، رزگار بکەن.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بە ناڕەحەتیی وڵاتەکەی لە پابەندنەبوونی لوبنانییەکان بە بەڵێنەکانیان داوە و رایگەیاندووە، سیاسییە لوبنانییەکان لە سەرەتای ئەم مانگەوە بەڵێنی پێکهێنانی حکوومەتی نوێیان دا، بەڵام پابەندی بەڵێنەکەیان نەبوون.

پێشتر لە وەڵامی رۆژنامەنووسێکدا لەبارەی داهاتووی لوبنان، میشال عۆن، سەرکۆماری ئەو وڵاتە رایگەیاندبوو، ئەگەر حکوومەتی نوێی لوبنان پێک نەهێندرێت، ”بە دڵنیاییەوە لوبنان بەرەو دۆزەخ دەچێت“.

دوای دەست لەکارکێشانەوەی سەعد حەریری لە مانگی 10ـی 2019، پەرلەمانی لوبنان لە مانگی 12ـی 2019 متمانەی بە حکوومەتی نوێی لوبنانی بە سەرۆکایەتیی حەسەن دیاب بەخشی و ئەو حکوومەتەش، دوای تەقینەوە گەورەکەی بەیرووت، خۆی هەڵوەشاندەوە.

دوای دەست لەکار کێشانەوەی حکوومەتی لوبنان، مستەفا ئەدیب بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ راسپێردرا، بەڵام تا ئێستا لایەنە سیاسییە لوبنانییەکان لەسەر پێکهاتەی حکوومەتی نوێ، رێک نەکەوتوون.

رۆژی 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 200 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداری لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس.

تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.

لوبنان وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە هەرسێ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە و مەسیحی پێک دێت و پۆستە سیادییەکان بەپێی عورفێک بەمشێوەیە یەکلا کراونەتەوە؛

- سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ پێکهاتەی مەسیحی

- سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ پێکهاتەی سوننەمەزهەب

- سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی شیعەمەزهەب

بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی و دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی، لە ساڵی 1975 تا 1990 شەڕی ناوخۆیی لەنێوان پێکهاتەکان دروست بوو و بووە هۆی کوژرانی 120 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە.