سەرکردەیەکی پێشووی یەکێتی لە وەڵامی ئارێز عەبدوڵڵا: هەر كەس خەباتگێڕ بێت دژی ڕیفراندۆم قسە ناكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەرکردەیەکی پێشووی یەکێتی لە وەڵامی ئارێز عەبدوڵڵا: هەر كەس خەباتگێڕ بێت دژی ڕیفراندۆم قسە ناكات

“خەباتمان بۆ ئەوە نەكردووە پارێزگارێك یان وەزیرێكمان هەبێت و دواجار سەر بە عێراق بین”

ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رای دەگەیەنێت كە كەسی تێكۆشەر ڕێگە بە خۆی نادات، ”قسەی نەشیاو“ بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بڵێت. لە كاتێكدا سەركردەیەكی ئێستای هەمان حزب بانگەشەی دادگاییكردنی ئەو سەركردە سیاسییانە دەكات كە ڕیفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی گەلی كوردستان ئەنجام دا.

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی كە پاش شكستهێنانی لە هەموو باڵ و گرووپەكانی نێو یەكێتی، ئێستا بەبێ ئەوەی حیسابێكیش بۆ قسەكانی بكرێت، هەوڵی ڕازیكردنی دڵی تاقمی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری نێو یەكێتی دەدات، لە دوایین چاوپێكەوتنیدا تۆمەتێكی زۆری ئاراستەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان كردووە لە بەرامبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان.

محەمەد وەتمان، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ساڵانێکی زۆر لە نێو یەکێتیدا خەبات و تێکۆشانم کردووە، ھەموو خەباتەکەی من و ھاوڕێکانم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بووە و خەباتمان بۆ ئەوە نەکردووە کە تەنیا پارێزگایەک یان شارۆچکەیەک ئازاد بکەین، بەڵام کاتێک دەبینین گەلی کورد بێ پشتیوانە، ئەویان شتێکی دیکەیە، گرنگ ئەوەیە خۆم باوەڕم بە ڕیفراندۆم ھەیە و کاری باشم کردووە بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆسە نیشتمانییە و ئێستاش تاوەکوو خوێنم تێدابێت، كار بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەكەم”.

بە بڕوای ئەو، “ڕاستە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان کراوە و نزیکەی ٩٣٪ی خەڵكی کوردستانی دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان داوە، بەڵام ئەگەر ئێمە سەربەخۆیی نەتەوەکەمان نەبینین، گەشبینم بەوەی بۆ ئایندە نەوەکانی داھاتوو سەربەخۆیی بە چاوی خۆیان ببینن”.

سەبارەت بە ھێرشەکانی ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بۆ سەر پرۆسەی ریفراندۆم و ئەو کەسانەی ڕۆڵیان ھەبووە لە سەرخستنی، محەمەد وەتمان رایگەیاند: “ئەو کەسەی کە ئەو قسەیەی کردووە، باشترە خۆی بیر لە قسەکەی بکاتەوە و باوەڕ ناکەم کەسانی تێکۆشەر بوێری ئەوە بکەن، قسەی لەو شێوەیە بکەن، چونکە گەلی کورد خەباتی بۆ سەربەخۆیی کردووە، نەوەکوو پارێزگایەک و وەزیرێکی ھەبێت و دواجار سەر بە عێراق بێت، بۆیە پێوستە کەسانی تێکۆشەر و خاوەن خەبات  و ڕۆژنامەنووسان وەڵامی ئەو کەسانە بدەنەوە”.

محەمەد وەتمان دووپاتی كردەوە: “ھەر کەسێک خاوەنی خەبات و تێکۆشان بێت، یان باوەڕی بە کورد و کوردستان ھەبێت، پێویستە پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی وەک چاوەکانی خۆی خۆشبوێت و ناوبانگەکەی بپارێزێت”.

پێشتریش شاڵاو عومه‌ر، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بۆ (باسنیوز) وەڵامی ئارێز عەبدوڵای دابووەوە و ڕای گەیاندبوو، ئارێز خۆی و تاقمه‌ كەركووكفرۆشەكەی روویان نییه‌ سه‌ر به‌رز بكه‌نه‌وه‌. جەختیشی كردبووەوە كە شانازییە مرۆڤ لەسەر مافی میللەتەكەی دادگایی بكرێت، ”نەك لەسەر خیانەتی فرۆشتنی كەركووك“.

ئەكرەم ساڵح، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە ڕێگەی (باسنیوز)ەوە وەڵامی ئارێز عەبدوڵای دایەوە و رای گەیاند كە ئەوانەی دەبێت دادگایی بكرێن، ”خیانەتكارانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ی نێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن. جەختیشی كردبووەوە كە ئێستاش، بابەتەكانی ناردنی راستەوخۆی مووچە لە بەغداوە، لامەركەزی و بە هەرێمكردنی سلێمانی، ”درێژكراوەی ئەو خیانەتە گەورەیەی مێژووی كوردن“.