سەركردەیەكی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە توندی وەڵامی ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی دایەوە و جەختی كردەوە كە بەهۆی ئەوەی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧یان ئەنجام داوە، ئارێز عەبدوڵا و گرووپەكەی ڕوویان نییە ”سەر بەرز بكەنەوە“.
ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی كە پاش شكستهێنانی لە هەموو باڵ و گرووپەكانی نێو یەكێتی، ئێستا بەبێ ئەوەی حیسابێكیش بۆ قسەكانی بكرێت، هەوڵی ڕازیكردنی دڵی تاقمی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری نێو یەكێتی دەدات، لە دوایین چاوپێكەوتنیدا تۆمەتێكی زۆری ئاراستەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان كردووە لە بەرامبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان.
لە بەرامبەردا شاڵاو عومه‌ر، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە (باس‌نیوز)ی راگەیاند: "میلله‌تی كورد هیچی لە میللەتانی دونیا كەمتر نییه تاوەكوو مافی ئەوەی نەبێت ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی خۆی بكات، له دینیشدا ئه‌گه‌ر ئه‌وان ده‌وڵه‌تیان بۆ خۆیان پێ خۆش بێت، بۆچی بۆ گه‌لی كورد پێیان خۆش نەبێت؟“.
ئاماژەشی بەوە كرد: “بۆ قسەكانی ئارێز عەبدوڵا كە داوای دادگاییكردنی ئەنجامدەرانی ڕیفراندۆم دەكات، با بزانێت كە ئێمه به شانازییه‌وه ئه‌گه‌ر داوای دادگاییكردنمان لێ بكرێت، ئەوا لەسەر مافی میللەتەكەی خۆمانە و خاوه‌نی هەڵوێستی خۆمانین و لێی پەشیمان نین، بەڵام پرسیار لە ئارێز عەبدوڵا دەكەم كە دەڵێت خۆی دەنگی داوە و سەرانی حزبەكەشیمان بینی لە شاشەكان ڕۆژی ڕیفراندۆم دەنگیان دەدا، بۆچی ئێستا پەشیمان بوونەتەوە؟“.
سەركردەكەی سۆسیالیست نموونە بە قسەیەكی محەمەدی حاجی مەحموود، سكرتێری حزبەكەی دێنێتەوە كە دەڵێت “له ریفراندۆمدا هه‌ڵه‌مان ئه‌وه بوو كە دەبوایە زووتر بیكەین، له كاتی شەڕی داعش ده‌بوایە ریفراندۆممان بكردایە”.
شاڵاو عومەر گوتیشی: “ئێمە سوورین له‌سه‌ر ریفراندۆم، بەڵام ئه‌وانه‌ی هه‌ستیان بۆ عێراقی عرووبە دەڕوات، ئێمە دەیانخەینە بەردەم دادگای گەل و با مێژوو بڕیارمان لەسەر بدات”. دووپاتیشی كردەوە: “كه‌سانی وه‌ك ئارێز عه‌بدوڵا روویان نایه‌ت سه‌ر هه‌ڵبڕن، بەڵام كەسێكی وەك محەمەدی حاجی مەحموود كوڕی خۆشەویستی خۆی به‌خشیوه له‌پێناوی كه‌ركووك، بێ ئه‌وه‌ی له رووی مادییه‌وه سوودێكی له كه‌ركووك وەرگرتبێت، كاتی خۆی بارزانیی نه‌مر نیوه‌ی كه‌ركووكیان داوه رازی نه‌بووه، ئێمه چۆن له‌م سه‌رده‌مه به فرۆشتنی كه‌ركووك رازی ده‌بین؟ بەڵام ئارێز و تاقمه‌كه‌ی كه‌ركووكیان به‌م ده‌رده بردووه و فه‌رموون با ئێستا بڕۆن كه‌ركووك له حه‌شدی شەعبی پاك بكه‌نه‌وه و سه‌روه‌ری بۆ شاره‌كه بگه‌رێننه‌وه. ئێمە شانازی به ڕیفراندۆمەوە دەكەین، نەك بە فرۆشتنی كەركووك”.
لە كۆتایی قسەكانیشیدا دووپاتی كردەوە: ”ئه‌وه‌ی له‌م دۆخەی ئێستای كه‌ركووك به‌رپرسه، ئارێز عەبدوڵا و تاقمەكەی بوون نه‌ك ئەو سەركردانەی ڕیفراندۆمیان كرد، ئه‌گه‌ر كه‌سێك دادگایی بكرێت، ئه‌وانه بوون له دووره‌وه سه‌یری كه‌ركووكیان كرد و خه‌نجه‌ریان له پشتی كه‌ركووك دا، ئارێز به خه‌ونیش به‌ره‌ی جه‌نگی نه‌بینوه“.
پێشتر ئەكرەم ساڵح، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وەڵامی ئارێز عەبدوڵای ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی بە (باس‌نیوز)ی راگەیاندبوو، ئەوانەی دەبێت دادگایی بكرێن، خیانەتكارانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ی نێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن.