كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

مەسرور بارزانی: گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بە ئامانجی چارەسەری بنەڕەتییانەی کێشەکان بەردەوامە

نوێنەری ئەمریکا: هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگ و ستراتیجی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە

ئەمڕۆ سێشەممە 2020/9/22 مەسرور، بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی باڵیۆز جەیمس جێفری، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و سووریا و گرنگیی هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.

باڵیۆز جەیمس جێفری، ڕۆڵ و هەڵوێستی سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە لێکنزیککردنەوەی هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەرز نرخاند و جەختی لە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی: "هەرێمی کوردستان بەهۆی هەمەڕەنگی و زیندوویەتی و دۆستایەتییەکەی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، پێگەیەکی گرنگ و ستراتیجی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای سوپاسکردنی پشتیوانیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تیشکی خستە سەر دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و ئاماژەی بەوە دا کە پرۆسەی گفتوگۆ لە گەڵ بەغدا بەردەوامە بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتییانەی کیشەکان لەسەر بنەمای دەستوور.

مەسرور بارزانی، جەختیشی لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوە، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.

سەرۆکی حکوومەت نیگەرانیی خۆشی بەرامبەر بەردەوامبوونی سیاسەتی تەعریب و دەستدرێژی و هەڵکوتانە سەر موڵک و زەوی دانیشتووانی کوردی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەربڕی.