كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لێدوانێکی سەرکۆماری لوبنان لەبارەی دۆزەخ کاردانەوەی هاووڵاتییانی لێدەکەوێتەوە

سەرکۆماری لوبنان رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی بەرەو دۆزەخ دەچێت و هاووڵاتییانیش کاردانەوەیان بۆ ئەو لێدوانە هەیە.

میشال عۆن، سەرکۆماری لوبنان وەڵامی پرسیارێکی ژنە رۆژنامەنووسێکی داوەتەوە، کە ژنەکە لێی پرسی ئەگەر حکوومەتی لوبنان پێک نەهێندرێت، لوبنان بەرەو کوێ دەچێت؟

میشال عۆن لە وەڵامی ئەو ژنە رۆژنامەنووسەدا، رایگەیاندووە، ”بە دڵنیاییەوە لوبنان بەرەو دۆزەخ دەچێت“.

هاووڵاتییانی لوبنانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی توندیان دژی ئەو لێدوانە هەبووە و پێیانوایە میشال عۆن خۆی شۆفێرەکەیە و وڵاتەکەی بەرەو دۆزەخ دەبات.

بەشێکی دیکە لە هاووڵاتییە لوبنانییەکان بە تەنزەوە داوا لە خەڵکی وڵاتەکەیان دەکەن خۆیان بۆ چوونە دۆزەخ، ئامادە بکەن.

لوبنان وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە هەرسێ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە و مەسیحی پێک دێت و پۆستە سیادییەکان بەپێی عورفێک بەمشێوەیە یەکلا کراونەتەوە؛

- سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ پێکهاتەی مەسیحی

- سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ پێکهاتەی سوننەمەزهەب

- سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی شیعەمەزهەب

بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی و دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی، لە ساڵی 1975 تا 1990 شەڕی ناوخۆیی لەنێوان پێکهاتەکان دروست بوو و بووە هۆی کوژرانی 120 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە.