كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لایەنەکانی رۆژئاوا لەسەر مەرجەعێکی باڵا و چەند خاڵێکی دیکە رێک دەکەون

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا: تەنیا لەسەر ئیدارە و بابەتی سەربازی ماوە رێک بکەوین

لایه‌نه‌كانی رۆژئاوای كوردستان، له‌سه‌ر مه‌رجه‌عێکی‌‌ 40 كه‌سی رێک دەکەون و ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە تەنیا لەسەر ئیدارە و بابەتی سەربازی ماوە رێک بکەوین.
عیماد برهۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، بۆ (باسنیوز) ئاشکرای کرد، ئەو رێککەوتنەی دوێنێ لەنێوان ئەنەکەسە و تەڤدەمدا کرا، رێککەوتنی کۆتایی نییە و ماویەتی لەسەر ئیدارە و لایەنی سەربازی رێک بکەوین، گوتی: “ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە، هەردوولامان لەسەر مه‌رجه‌عی باڵای كوردی لە سووریا رێک کەوتووین، کە لە 40 کەس پێکهاتووە و بە شێوەی رێژەی ئەندامەکانی هەر حزبێک دیار دەکرێت”.
راشی گه‌یاند، جگە لەوەش، له‌سه‌ر شه‌ش خاڵی دیکە رێك كه‌وتوون، كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و مه‌رجەعه‌ باڵایه‌وە، هەروەها له‌سه‌ر نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی كوردی له‌ رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ و چۆنیه‌تیی پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان و ده‌ركردنی بڕیاره‌كان و دانانی په‌یڕه‌وێكی ناوخۆیی رێك كه‌وتوون.
پێشتر فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، پەیوەست بە رێککەوتنی لایەنە کوردییەکان لە رۆژئاوای کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، گفتوگۆی کورد- کورد لەسەر رێڕەوی نیشتمانی بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێت، ئەو لایەنانەش کە تا ئێستا بەشداریی گفتوگۆکانیان نەکردووە، بەدەم بانگەوازەکەیانەوە بێن.
مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە پەڕەی فەرمیی خۆی لە تویتەر رایگەیاند: "هەنگاوی لایەنەکان بۆ یەکێتیی کورد لەسەر بنەمای نیشتمانی بەردەوامە، ئامانجی ئێمەش ئەوەیە، لە قۆناغی داهاتوودا هەموو پارتەکانی دیکەش لە گفتوگۆکان بەشدار بن".
ئاشکراشی کردبوو، کە گفتوگۆی لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان، بەچاودێریی ولیام روباک، جێگری نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا بەڕێوە دەچێت و تا ئێستا لەبارەی چۆنیەتیی کارکردنی ئیدارەی خۆسەری و بەشداریی سەرجەم لایەنەکان، بەشداریی نوێنەری پارتەکانی دیکە لە دامەزراوەی سەربازی و ئیدارەی باکووری سووریا، کە هەسەدەیە، لەگەڵ چەندین پرسی دیکەش رێک کەوتوون و چاوەڕێ دەکرێت، لە دوو رۆژی داهاتوودا لایەنەکان رێککەوتنی کۆتایی واژۆ بکەن.