كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 22/09/2020

ھەرچیەكیت ئارەزووی خۆتە بەڵام لە كوێ؟


كۆمۆنیستی؟ باشە بەسەرچاو مافی خۆتە. ئیسلامییت؟ بەسەرچاو مافی خۆتە. ماركسییت؟ سەر سەرم مافی خۆتە؟ لینینیزم دەخەیتە سەر ماركسیزمەكە و دەڵێیت ماركسی – لینینی – م؟ باشە بەسەر ھەردوو چاوم مافی خۆتە. سۆسیالیست و دیموكراتیت؟ دەستخۆش مافی خۆتە؟ ھەر سۆسیالیستەكەی بەتەنھا؟ بۆچی نا مافی خۆتە؟ ھەر دیموكراتەكەی بەتەنھا؟ باشە سەر سەر و سەرچاو مافی خۆتە؟ حەزت لە پاشاگەردانیە؟ واتە ئایا فەوزەویت؟ من پاشاگەردانی و فەوزەویەت بە ماف نازانم، بەڵام قەیناكا با پاشەگەردانی و فەوزاش ماف بێت و بەمەشیان بڵێین بەسەر چاو مافی خۆتە؟ بەڵام:

1 - ئەگەر كۆمۆنیستیت خۆ تۆ پێشوەخت دەبێ لەسەر ئەم خاك و نیشتیمانەی خۆت دەوڵەتێكت ھەبێت ئینجا دەتوانیت بەرەو ئەو قۆناغە خەیاڵیەی خۆت بڕۆیت كە لە دوا قۆناغی كۆمۆنیستیدا دەوڵەتیش نەمێنێت، ئەوەی ماركس و ئەنگڵز و لینین دەیانگوت ئیتر ئیدارەی شتەكان جێگەی ئیدارەی مرۆڤ دەگرنەوە و ئیتر ھەر كەس بە گوێرەی توانای خۆی كار دەكات، بەڵام ھەر كەس بەگوێرەی پێویستیەكانی خۆی وەردەگرێت!

2- ئەگەر ئیسلامییت خۆ بۆ ئەمەشیان دەبێت لەپێشدا جوگرافیایەكی دیاریكراو ھەبێت كە پێشوەخت دەوڵەتێكی ئیسلامیی لەسەر دابمەزرێنیت. ئەگەر وا نیە ئەی یەكەم جار دەوڵەتی مەدینە لە مێژووی ئیسلامدا چیە؟

3 - ئەگەر سۆسیالیست و دیموكراتیت، ئەگەر ھەر سۆسیالیستەكەیت بەتەنھا، ئەگەر ھەر دیموكراتەكەی بەتەنھا، ئەگەر ھەردووكیان بەیەكەوە دەنووسێنیت و دەڵێیت سۆسیالیست و دیموكراتم، ئێ خۆ ھەموو ئەمانەش جۆری سیستەمن و دەبێت پێشوەخت داوودەزگای دەوڵەتی سەربەخۆی خۆتت ھەبێت ئینجا سیستەمی سۆسیالیستی یان دیموكراسی یان بە دیموكراسیی سۆسیالیزم بینا بكەیت، ئەگینا ئەگەر دەوڵەت و داوودەزگای سەربەخۆی دەوڵەتی خۆت نەبێت، چۆن و بە چی جۆری سیستەم دادەمەزرێنیت و بینای دەكەیت؟

4 - حەزت لە پاشاگەردانی و بێسەروبەری و فەوزایە، باشە خۆ فەوزەویەكان دژی دەوڵەتن واتە پێشوەخت دەوڵەت ھەبووە ئینجا فەوزەویەكان پەیدا بوون و دژی دەوڵەت بوون! كەواتە ئەگەر فەوزەویشییت دەبێ جارێ دەوڵەتی خۆتت ھەبێت بۆ ئەوەی تۆش دواتر دژی دەوڵەتی خۆت بیت! كەواتە:

سەیر كەن، لە گشت ئەو حاڵەتانەی پێشەوەدا، یەك خاڵی جەوھەری ھەموومان كۆدەكاتەوە ئەویش دەوڵەتی كوردستانە، ئەوەی دژی ڕیفراندۆم بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان بوو، یان ئێستاش دژ بێت و دژایەتیی بكات، بەلای منەوە ھێشتا نەیتوانیوە خاوەنی ھیچ بیروباوەڕێكی سیاسی بێت، تەنانەت ئەگەر بیروباوەڕی سیاسیی فەوزەویانەش بێت. جا كە ھەر كەس و گرووپ و لایەنێك خاوەنی ھیچ بیروباوەڕێكی سیاسی نەبێت و باسی بابەتە سیاسییە گشتیەكانیش بكات ئەوە وەك كەسی بێ پێناسە وایە ئەوەی كورد پێی دەڵێت: ئەوە ھیچ نیە ئەوە بێ شەخسیەتە!

تێبینی: لەناو ئەو بیروباوەڕە سیاسییانەی پێشەوەدا، باسی بیروباوەڕی نەتەوەییم نەكردووە، چونكە كەسان و لایەنی نەتەوەیی دەوڵەتی نەتەوەیی لە خوێنیاندایە و دەستبەرداری نابن.