یۆنان ناسنامەی ئەو کەسانەی کەمپێکی پەنابەرانیان سووتاند ئاشکرا دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

یۆنان ناسنامەی ئەو کەسانەی کەمپێکی پەنابەرانیان سووتاند ئاشکرا دەکات

شەش هاووڵاتیی ئەفغانی بە سووتاندنی کەمپێکی پەنابەران لە یۆنان تۆمەتبار دەکرێت.

داواکاری گشتیی یۆنان لە شاری میتلینی لە رۆژهەڵاتی یۆنان بڕیاری دەستگیرکردنی شەش هاووڵاتیی ئەفغانی بە تۆمەتی سووتاندنی کەمپی مۆریا بۆ پەنابەران، دا.

ئەو شەش هاووڵاتییە ئەفغانییە رەتیان کردووەتەوە ئەوان کەمپەکەیان سووتاندبێ و رایانگەیاندووە، ئەوان لەسەر قسەیەکی بێبنەمای هاووڵاتییەکی سەر بە گەلی پەشتۆن دەستگیر کراون.

پەنابەرە ئەفغانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە هاووڵاتییە پەشتۆنەکە بەهۆی ناکۆکیی درێژخایەنی گەلەکەی لەگەڵ گەلی ئەوان (گەلی هەزارە)، ئەوانی تۆمەتبار کردووە و تۆمەتبارکردنەکە بەشێکە لە هەوڵەکانی چەساندنەوەی گەلی هەزارە لەلایەن پەشتۆنەکانەوە.

نۆتیس میتارکیس، وەزیری کۆچی یۆنانی رایگەیاندووە، ئەگەر ئەو شەش ئەفغانییە لەلایەن دادگاوە تاوانبار بکرێن، ئەوا دوای بەسەربردنی ماوەی سزاکەیان، رەوانەی وڵاتەکەیان دەکرێنەوە.

رۆژی 8-9-2020، کەمپی مۆریا لە دوورگەی لیسبۆس سووتا و بووە هۆی بێ ماڵ و حاڵبوونی 1200 پەنابەر.

هەزارە لە رووی ژمارەوە سێیەم گەلە لە ئەفغانستان دوای پەشتۆن و تاجیک (11 ملیۆن کەس)، خەڵکەکەی رووخساریان هاوشێوەی مرۆڤی رۆژهەڵاتی ئاسیایە و زۆرینەیان بە مەزهەب شیعەن، بەپێی زانیارییەکانی ویکیپێدیا، ژمارەیان نزیکەی نۆ ملیۆن کەسە.

پەشتۆن، لە رووی ژمارەوە یەکەم گەلە لە ئەفغانستان و زۆرینەی جومگە سیاسی و سەربازییەکانی حکوومەتی ئەفغانستان و بزووتنەوەی تاڵیبانیان بە دەستە و بە مەزهەب سوننەن،  بەپێی زانیارییەکانی ویکیپێدیا، ژمارەیان نزیکەی 49 ملیۆن کەسە.