كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

شه‌ش ملیۆن عێراقی لەسەر زەویی زێدەڕۆ دەژین

 

سەرۆكی لێژنەیەك لە پەرلەمانی عیراق ئاشكرای دەكات، شەش ملیۆن كەس لە عێراق لەسەر زەویی زێدەڕۆ دەژین.

وەلید سەهلانی، سەرۆكی لێژنەی خزمەتگوزاری ‌و ئاوەدانكردنەوە لە پەرلەمان عیراق له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا ڕای گەیاند:" كێشەی دروستكردنی خانووی زێده‌ڕۆ بەشێوەیەك زیادی كردووە، پێویستی بە كۆدەنگییەكی نیشتمانی هەیە بۆ ئەوەی چارەسەر بكرێت ‌و قەرەبوویان بكرێتەوە، چونكە ئێستا شەش ملیۆن عێراقی لەسەر زەویی زێدەڕۆ دەژین، ئەوەش قەیرانێكی گەورەیە".

ئاماژەی بەوەش كرد، پڕۆژەیاسایەك بۆ چارەسەركردنی كێشەی زێدەڕۆیی ئامادە كراوە، له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ گوتی: "پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژەیاساكە كردووە ‌و ڕێككەوتن كراوە بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت، بەڵام لێژنەكەمان داواكارە لایەنەكان وەك حكوومەت‌ و پەرلەمان‌ و ڕێكخراوە مەدەنییەكان بەشدار بن لە چارەسەركردنی ئەو كێشەیە".

وەلید سەهلانی ئاشكراشی كرد، بەشێك لە بەرپرسانی شارەوانی و پارێزگاكانى عێراق ئاسانكارییان كردووە و پارەیان وەرگرتووە زەویی حكوومەتیى عێراقیان داوەتە خەڵك.

پێشتر وەزارەتی پلاندانی عێراق ڕای گەیاندبوو، عێراق پێویستی بە دروستكردنی سێ ملیۆن یەكەی نیشتەجێبوونی نوێ‌ هەیە، بۆ ئەوەی لە قەیرانی نیشتەجێبوون ڕزگاری ببێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتەكەیان پلانێكی داناوە بۆ ئەوەی ساڵانە 250 هەزار یەكەی نیشتەجبوونى نوێ‌ دروست بكات.