كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لە پارێزگای سلێمانیدا ٤٥ پێگەی شوێنەواری زێدەڕۆییان لەسەر كراوە

بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی فەرمی، 45 پێگەی شوێنەواری لە پارێزگای سلێمانی زێدەڕۆیی و دەستدرێژییان لەسەر كراوە.

بەپێی راپۆرتێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان کە کۆپیەکی دەست (باسنیوز) کەوتووە، وردەکاریی و ئاماری ئەو پێگە شوێنەوارییانە ئاشکرا کراون کە زێدەڕۆییان لەسەر كراوە.

لە ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەدا دەردەکەوێت، لەسەر ئاستی  هەرێمی کوردستاندا لە پارێزگای سلێمانی زۆرترین زێدەڕۆیی و دەستدرێژی لەسەر ناوچە شوێنەوارییەکان کراوە.

هاوكات ئاشكرا كراوە كە 45 پێگەی شوێنەواریی جۆراوجۆر لە پارێزگای سلێمانی، زێدەڕۆییان تێدا کراوە، زێدەڕۆییەکانیش زۆربەیان لە لایەن هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان و حزبەوە کراون.

جۆری زێدڕۆییش جۆراوجۆرە لە: (هەڵکەندن، تەلبەند، بەکارهێنان بۆ کشتوکاڵ، تێکدان بە شۆفڵ، خانوو کردن، دانانی بورج، باخکردن، کێڵان، دروستكردنی حەوزی ماسی لەسەر پێگەكان و چەند جۆرە زێدەڕۆییەکی دیكەش). تەنانەت ”لەسەر گرده شوێنەوارییەکان خانوو و باخچە کراوە و مردووشی تێدا دەنێژرێ، لە کاتی کشتوکاڵیش خەڵکی لادێکان زێدەڕۆیی دەکەنە سەر ناوچە شووێنەوارییەکان. قەڵا و قوله و مەزارگەکانیش زێدەڕۆییان کراوەتەسەر“.

لەمبارەیەوە کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ڕاپۆرتێکی وردمان لەسەر ئەو پێگە شوێنەوارییانە داوەتە وەزارەتی شارەوانی و ئەنجوومەنی وەزیران کە زێدەڕۆییان کراوەتە سەر، زۆربەی زێدەڕۆییەکانیش لە پارێزگای سلێمانین".

ئاماژەی بەوەش دا، هەوڵدراوە ئەو شوێنانەی زێدەڕۆییان کراوەتەسەر، چارەسەر بکرێن، گوتیشی: "ئەو شوێنانە موڵکی گشتین و نابێ تێکبدرێن، داوامان کردووە ئەو شوێنانە لەسەر شوێنەوار تاپۆ بکرێن، ئەگەر موڵکی خەڵکیش بووە، خەڵکەکەی قەرەبوو بکرێنەوە، تاوەکوو چیتر  ئەو شوێنانە زێدڕۆییان لەسەر نەکرێت".