دووکان.. ئەشکەوتی قزقاپان گەشتیارێکی زۆری بۆ خۆی ڕاکێشاوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دووکان.. ئەشکەوتی قزقاپان گەشتیارێکی زۆری بۆ خۆی ڕاکێشاوە

ئەشکەوتی قزقاپان کە دەکەوێتە سنووری گوندی زەرزیی قەزای دووکانی پارێزگای سلێمانییەوە، بە هۆی دڵڕفێنی و سەرنجڕاكێشییەكەیەوە، گەشتیارێكی زۆر رووی تێ دەكا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 22/9/2020، ڕێژین ڕەئوف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوکان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەشکەوتی قزقاپان بە بەرزیی 10 مەتر لە نێو شاخێکدا ھەڵکەندراوە و کۆمەڵێک نەخشی مادەکان لەسەر دیوارەکانی داتاشراون و دەرگایەکی بچووکی بۆ چوونەژوورەوە هەیە و بەشی دەرەوەی دەرگاکە بە شێوەیەکی ئەندازەیی ناوازە ھەڵکۆڵراوە، ھەروەک لەناو ژوورەکەدا سێ گۆڕی بچووک بە بەرزیی مەترێک ھەیە ".

گوتیشی:" بە پێی رای شوێنەوارناسان و شارەزایانی مێژووی کۆن، مێژووی دروستکردنی ئەشکەوتەکە بۆ سەردەمی کەی خوسرەو، گەورە پادشای ماد دەگەڕێتەوە، واتە (633-585)ـی پێش زایین".

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوکان، باسی لەوەش کرد، کە ماوەی چەند ساڵێکە بەھۆی ئەوەی کارئاسانی و خزمەتگوزاریی پێویست بۆ ئەشکەوتەکە کراوە، وەک ڕێگە و شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل و دانانی پەیژەی سەرکەوتن بەسەر شاخەکە و بینینی ئەشکەوتەکە، گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن و لە نزیکەوە بە شوێنەوارە کۆن و دێرێنەکانی ئاشنا دەبن.