بەهای دۆلار لە ئێران بەردەوام لە بەرزبوونەوە دایە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەهای دۆلار لە ئێران بەردەوام لە بەرزبوونەوە دایە

"گرانی و بێکاری بەرۆکی خەڵکی هەژار و دەستکورتی گرتووە"

بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە بەهای دۆلار بەرانبەر بە تمەن ڕیکۆردێکی دیکەی تۆمار کردووە و هەر دۆلارێکی ئەمریکا بەرانبەر بە ٢٧ هەزار تمەن مامەڵەی پێوە کراوە.

بەپێی زانیاریی شارەزایانی ئابووری، دابەزینی بەردەوامی بەهای تمەن بەرانبەر بە دۆلار بووەتە هۆی هەڵاوسان لە بازاڕ و بەمەش گرانییەکی زۆر بەرۆکی خەڵکی گرتووە و ئابووریی ئیران تووشی قەیران بووە و ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی هەژار و دەستکورت داناوە.

لەم دوایانە گرانییەکی زۆر و بێکاری ڕووی لە بازاڕەکانی پارێزگای ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە کە یەکێک لە پارێزگا هەژار و دەستکورتەکانی ئێرانە، بە جۆرێک تەنانەت خەڵک بۆ دابینکردنی پێداویستیی ڕۆژانەیان تووشی گرفت بوون.

چوونەسەری نرخی مریشک، هێلکە و نان و میوە و سەوزەوات، خەڵکی هەژار و دەستەنگی تووشی گرفت کردووە.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، نرخی هێلکە لە ماوەی یەک هەفتەدا ٨٥٪ گران بووە و نرخی هەر تەبەقێک گەیشتووەتە ٤٠ هەزار تمەن.

لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا بەهای دۆلار لە ئێران لە ١٦ هەزار تمەنەوە گەیشتووەتە ٢٧ هەزار تمەن و ئێستا هەر ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرانبەرە بە دوو ملیۆن و ٢٧٠ هەزار تمەنی ئێرانی.

لە کاتێکدا بەهای تمەن ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرانبەر بە دۆلار زیاتر دادەبەزێت، هاوکات لەگەڵ گەمارۆ نوێیەکانی سەر ئێران کە ئەمریکا چەند ڕۆژێکە ڕای گەیاندووە، پێشبینی دەکرێت دۆخی ئابووریی ئێران و ژیانی خەڵکی هەژار خراپتر ببێت.

لەمبارەوە ئیبراهیم ڕەزاقی، یەکێک لە شارەزایانی ئابووریی ئێران ڕای گەیاندووە ئێستا لە ئێران ٣٠ ملیۆن کەس بێکارن و هاوکات زیاتر لە ٥٠ ملیۆن هاووڵاتیش لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

ئاماژەی بەوەش کردووە مووچەی کەم و کەمیی پارەی ڕۆژانەی کار و داهاتی خەڵک، بووەتە هۆی ئەوەی بەردەوام ڕێژەی خەڵکی هەژار و دەستکورت لە ئێران ڕوو لە زیادبون بکات.