كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

70ی كچانی ئێران دژی باڵاپۆشی زۆرەملێن


ئەمڕۆ یەكشەممە ئاژانسی هەواڵی (فارس) ئەنجامی راپرسییەكی بڵاو كردەوە كە تیایدا 70٪ی كچانی ئێران دژایەتی خۆیان بۆ سیاسەتی باڵاپۆشی زۆرەملێ دەردەبڕن.


ئاژانسی هەواڵی (فارس)، لە زاری تەقی رۆستەم ئەفەندی سەرۆكی ڕێكخراوەكانی كاروباری كۆمەڵایەتیی ئێرانی گواستووەتەوە كە بۆیان دەركەوتووە 70٪ی كچانی ئێران دژی باڵاپۆشی و كردنەسەری لەچكن بە شێوەی زۆرەملێ، لە هەمان كاتیشدا 85٪ی كچانی ئێران باوەڕیان بە باڵاپۆشی هەیە.


ئاژانسەكە دەڵێ ئەم ئەنجامە لە ڕووكەشدا ناهاوسەنگ دیارە، بەڵام لە ڕاستیدا خانمانی ئێران دژی سیاسەتی زۆرەملێی دەوڵەتن و دەیانەوێ ئازادانە شمەكی خۆیان هەڵبژێرن، نەك بەسەریاندا بسەپێندرێ، ئەمەش لە كاتێكدایە زۆرینەی خانمانی ئێران باوەڕیان بەوە هەیە كە باڵاپۆشی ئەركێكی ئاینیە.


جێی باسە تا ئێستاش لە ئێراندا، پۆلیس خانمان ناچار دەكات بە كردنەبەری باڵاپۆش و داپۆشینی سەریان، هەندێك جار ئەو خانمانەی یاسای باڵاپۆشی پێشێل دەكەن، لەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەكاندا ڕووبەڕووی لێدان و سوكایەتی دەبنەوە بە دەستی هێزەكانی پۆلیس.


سیاسەتی باڵاپۆشی زۆرەملێ لە ئێراندا بە دوو قۆناغ پەیڕەو كرا، قۆناغی یەكەم لە ساڵی شۆڕشی ئیسلامی لە 1979 پەیڕەو كرا، تیایدا خانمان ناچار دەكران كاتێك دەچنە دەرەوەی ماڵ و لە دەزگا فەرمییەكاندا باڵاپۆش بن، ئەوكات بڕیارەكە رەت كرایەوە و خانمانی ئێران ڕژانە سەر شەقامەكان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی، دواتر لە ساڵی 1983دا بە پێی یاسایەكی نوێ، چوونە دەرەوە لە ماڵ بە بێ باڵاپۆش وەكو هەر تاوانێكی تر، سزای بۆ داندرا، بە جۆرێك سزاكە دەگەیشتە دوو مانگ زیندانی و 74 قامچی.