كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لایەنە سیاسییەكانی عێراق بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی بازنەكانی هەڵبژاردن كۆدەبنەوە


ئەمڕۆ یەكشەممە سەرچاوەیەكی پەرلەمانی ئاشكرای كرد لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە مەبەستی تاوتوێكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان و سیستەمە نوێیەكەی بازنەكانی هەڵبژاردن، بە نیازی كۆبوونەوەیەكی بەرفرەوانن.


ئەحمەد جبووری پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی "هێزە عێراقییەكان" بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندووە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق و لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوەیەكی بەرفرەوان بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی بازنەكانی هەڵبژاردن لە یاسای هەڵبژاردندا ئەنجام دەدەن.


جبووری ئاماژەی بەوە داوە كە جارێكی تر گەڕانەوە بۆ یەك بازنەیی هەڵبژاردن، شتێكی ئەستەمە و پێچەوانەی ئەو یاسای هەڵبژاردنەشە كە پەرلەمان دەنگی پێداوە و پێداگری لەسەر فرە بازنەیی هەڵبژاردن لە پارێزگاكان كردووەتەوە.


پەرلەمانتارەكەی عێراق ئاماژەشی بەوە داوە كە تا ئێستا ناكۆكیی لایەنە سیاسییەكان لەسەر فرەبازنەیی هەڵبژاردن بەردەوامە و كۆتای نەهاتووە، بابەتی دەنگدانیش لەسەر پاشكۆی یاسای هەڵبژاردنەكان پێویستی بە كاتێكی زۆرتر هەیە لە ناو پەرلەماندا.


لە كۆتاییدا جبووری ئاشكرای كردووە كە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا، هێزە سیاسییەكانی عێراق بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم پرسە كۆدەبنەوە.