كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەمریکا وەگەڕخستنەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی لەدژی ئێران ڕاگەیاند

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئاشکرای کردووە هەموو ئەو گەمارۆیانەی نەتەوە یەکگرتووەکان کەلە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران بوون و پێشتر هەڵگیراون، جارێکی دیکە بە فەرمی خراونەتەوە گەڕ.

ئەمریکا پێشتر پرۆژەی وەگەڕخستنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێرانی لە ئەنجوومەنی ئاسایش خستە بەرباس، بەڵام ١٣ ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنەکە دژی وەستانەوە و دژی ئەو هەنگاوەی ئەمریکا بوون.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاشکرای کردووە هەروەک مانگی ڕابردوو لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕای گەیاندبوو، ئێستا مۆڵەتی یەک مانگە بۆ وەگەڕخستنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران لە چوارچێوەی بڕیارنامەی ٢٢٣١دا کۆتایی پێ هاتووە، کە واتە هەموو گەمارۆ ڕاگیراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەسەر ئێران وەگەڕ دەخرێنەوە.

مایک پۆمپیۆ لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی کردووەتەوە ئەمریکا چاوەڕوانیی هەیە هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکگرتووانە پابەندی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بن.

جیاواز لە گەمارۆکانی سەر چەکۆچۆڵ، ئەو هەوڵەی ئەمریکا پێشگیری لە چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە پیتاندنی یۆرانیۆم و تاقیکردنەوەی مووشەکەی بالستیکی ئێرانیش لەخۆ دەگرێت.

هاوکات لەگەڵ وەگەڕخستنەوەی ئەم گەمارۆیانە لەدژی ئێران، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەمریکا ٤٨ کەسایەتی و کۆمپانیای سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات (هەواڵگری)ی ئێرانی خستووەتە لیستەی گەمارۆکانەوە.

ئەم هەوڵانەی ئەمریکا لە کاتێکدان کە دوێنێ شەممە حوسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لێدوانێکدا جارێکی دیکە هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کوژرانی قاسم سولەیمانی لە ئەمریکا کرد و ئاشکرای کرد کە وەگەڕخستنەوەی گەمارۆکان لەدژی ئێران لەژێر ناوی "دەست لەسەر پەلاپیتکە" هیچ کاریگەرییەکیان نییە و ئەمریکا هیچ کارێکی پێ ناکرێت.