مەلا بەختیار: پێویستە یەکێتی و پارتی و گۆڕان ببن بە سێکوچکەی بەڕێوەبردنی حکوومەت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

مەلا بەختیار: پێویستە یەکێتی و پارتی و گۆڕان ببن بە سێکوچکەی بەڕێوەبردنی حکوومەت

“ئەگەر ئێستاش ڕیفراندۆم بکرێت دیسان دەنگی پێدەدەمەوە”

مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی لە ڕووی سیاسییەوە لەم قۆناغەدا گرنگ و چارەنووسسازە، پێویستە ئەو دوو حزبە زیاتر لە یەکتری نزیک ببنەوە و پێویستە یەکێتی و پارتی و گۆڕان ببن بە سێکوچکەی بەڕێوەبردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ٢٠⁄٩⁄٢٠٢٠ مه‌لا به‌ختیار ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یه‌كێتیی  نیشتمانیی كوردستان ، لە پەراوێزی مه‌راسیمی بڵاوکردنەوەی كتێبه‌کەی (له‌برى بیره‌وه‌رى) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “پەیوەندیی یەکێتی و پارتی لە ڕووی سیاسییەوە بۆ ئەم قۆناغە چارەنووسسازە و پێشتر باسی ئەوەم کردووە کە دەبێت یەکێتی و پارتی و گۆڕان خۆیان بکەن بە سێکوچکەی بەڕێوەبردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆئەوەی بتوانن دۆخەکە چارەسەربکەن، جێگرەوەی یەکێتی و پارتی چییە با خەڵک بەدیلەکەیم پێ بڵێت، پێشتر بزووتنەوەی گۆڕان دامەزرا دواتر خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات ڕوویدا ئایا توانیان ببن بە جێگرەوە؟ ئێستا ئۆپۆزسۆن ھەیە دەتوانێت بڵێت، من جێگرەوەی یەکێتی و پارتی و گۆڕانم؟”.

گوتیشی: “ڕاستە ئۆپۆزسیۆن ھەیە بەڵام، جێگرەوەیەک بەو مانایە نییە کە سیستەمێکی سیاسی و فکری و فەلسەفی جێگەی تێدا بێتەوە، ڕەخنە و ناڕەزایەتی نابێتە جێگرەوە، بۆیە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی بە گرنگ دەزانم”.

مەلا بەختیار سەبارەت بە ساڵیادی ڕیفراندۆمی سەربەخۆی کوردستان رای گەیاند: “ئەگەر ئێستاش ڕیفراۆندۆم بکرێت دەچم دەنگی پێ دەدەم، چونکە ڕیفراندۆم بە مافێکی دیموکراسيی نەتەوەکەمی دەزانم بۆ ھەموو بەشەکانی کوردستان، بەڵام ئایا کاتەکەی کەی دەبێت، چۆن و بە چ شێوەیەک لەسەر وردەکارییەکەی ڕێک دەکەون ئەوە پرسێکە گفتوگۆ زۆر ھەڵدەگرێت، بەڵام وەکوو پرەنسیپ و ستراتیژ ئێمە وەکوو گەلی کوردستان لە ھەموو بەشێکی کوردستان مافی خۆمانە ڕێفراندۆم بکەین، چونکە داوای مافێکی دیموکراسی دەکەین”.