ئێوارەی ئەمڕۆ هاووڵاتییەكی دانیشتووی قەزای سۆران، لە نێو باخەکەی خۆی کەوتووەتە ناو بیرێکی ئاو و خنکاوە.
د. هاوسەر رواندزی، بەڕێوەبەری بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی ئاشتیی لە شاری سۆران، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “ئێوارەی ئەمڕۆ 19/9/2020 هاووڵاتییەكی دانیشتووی شاری سۆران بە ناوی (سەلیم بەهائەدین) تەمەن 39 ساڵ لە كوێستانی بناری چیای حەسەنبەگ، لە نێو رەز و باخەكەی کەوتووەتە نێو بیرێکی ئاوەوە و بەو هۆیەوە خنکاوە”.
گوتیشی: “دوای گەیاندنی تەرمەکەی بۆ بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەكەمان،رەوانەی پزیشكی دادیی سۆران كرا".
بەپێی زانیارییەکان کەسێک لە باخی هاووڵاتییەکە هەوڵی دەرهێنان و ڕزگارکردنی داوە بەڵام هەوڵەکانی بێ ئەنجام بووە و ئەویش بەو هۆیەوە زامدار بووە و ئێستا لە نەخۆشخانەیە.