ماوەی 10 ساڵە بەردی بناغەی پڕۆژەی دوو سایدی ڕێگای کۆیە - هەولێر دانراوە و تاوەکو ئێستا تەواو نەکراوە، قایمقامی کۆیەش دەڵێ، لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆژەکە دەست پێ دەکاتەوە.
یوسف حەسەن کەلکانی، قایمقامی شاری کۆیە، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "ڕێگای دوو سایدی نێوان کۆیە - هەولێر لە ساڵی 2010 بڕیاری لەسەر درا بە بڕی 400 ملیار دینار و وا بڕیار بوو بە پێنج قۆناغ دروستبکرێت، دوای ئەوەی بەهۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەکە وەستا و دەستبەکار بووەوە، دووبارە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا وە نەتواندرا پڕۆژەکە لە کاتی خۆیدا جێبەجێ بکرێت و کار کردن لە پڕۆژەکە وەستایەوە".
گوتیشی: "پڕۆژەکە سەرەتای قۆناغی یەکەمی تەواو بووە و ئەوەی تریش بە پێی قۆناغەکان کاریان تێدا کراوە کە هەر قۆناغە و پێویستی بە چەند کارێک هەیە، دوای بە دواداچوونەکانمان وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بەڵێنیان پێداوین کە لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆژەکە دەست بە کارەکانی بکاتەوە".
قایمقامی کۆیە ڕاشیگەیاند: "بەهۆی ئەوەی ئەم ڕێگایە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی بەیەکەوە دەبەستێتەوە، تەواو بوونی ئەو پڕۆژەیە گرنگییەکی زۆری هەیە و کاریگەریشی دەبێ لە کەمبوونەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ".