ڕانیە.. کچێکی دەستڕەنگین ماڵێکی کەلەپووری دادەمەزرێنێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ڕانیە.. کچێکی دەستڕەنگین ماڵێکی کەلەپووری دادەمەزرێنێ

 

ئەژین ئیسماعیل خانمێکی دەستڕەنگینی دانیشتووی شاری ڕانیەیە و دەرچووی زانکۆیە، ماڵێکی تایبەت بە خۆی بۆ فرۆشتنی کارە دەستییەکانی کردووەتەوە بە ئامانجی زیندوو کردنەوەی کلتوری کوردەواری.

ئەژین بۆ (باسنیوز) ی ڕاگەیاند:   "ھەر  لەمنداڵیەوە  خولیایەکی زۆرم  ھەبووە  بۆ  کاری ئەنتیک و  ئەو شتانەی لە  کۆندا ھەبوون، ئەو کەلوپەلە کۆنانەی لە ماڵەوە ھەمبوون ھەڵموەشاندونەوە و شتی   جیاوازترم لێ دروستکردوون، لەو کاتەی  کە  خوێندندنی زانکۆشم تەواو کرد بەشێک لەو  ھاورێیانەم کە خەریک بوون بەکاری دەستی کۆم کردنەوە و گرووپێکم دروستکرد و لە رێگایی ئۆنڵاین دەست بەکار بووم و ئەو داوەکارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیانەوە لێم دەکرا پێشکەشم دەکرد".

گوتیشی:   "پاش ئەوە بەمەبەستی گەورەکردنی کارەکەم ماڵی ئەوینم بە هاوکاری هاوڕێیەکم کردەوە و ئێستا جگە لە ئۆنڵاین دەتوانن بێن سەردانیشمان بکەن و لە نزیکەوە کارەکانم ببینن".

ئەژین ڕاشیگەیاند:   "ئەو کەلوپەلانەی کە دروستی دەکەین کاری دەستین و پێکهاتوون لە چنین و مێخەک رێژی و سیرامیک، ھەلکۆڵین و بۆیەکردن و کاری ئەتمین و کارکردن لەسەر ھەناری سروشتی و زۆر کاری دیکە، ئێستا زۆرترین خواست لەسەر  ملوانکەی ھەنارە سروشتیەکەیە کە ئێمە بە تایبەت کاری لەسەر دەکەین، جگە لەوەش تایبەتمەندی کاری ئێمە ئەوەیە کە  ھەریەک دانە لەھەر دیزاینێک دروست دەکەین بۆ ئەوەی کارەکان تایبەتمەندی خۆی لەدەست نەدات لای ئەو کەسەی کارەکەی پێشکەش دەکەین".

گوتیشی:   "چونکە ماڵەکەم لە سەرەتای دامەزراندنیدایە و خەڵک باش نەیناسیووە، بۆیە لە رێگای ئۆنڵاین لە شارە جیاوازەکان و دەرەوەی وڵات خواست لەسەر کارەکانم زۆرە، بەڵام زیاتر خولیایە بۆ ئەم ساتەی ئێستا و داهاتێکی کەمی هەیە".

دەشڵێت:   "پەیامم بۆ کچان ئەوەیە بەدوای خەونەکانیان بکەون و کار بۆ ئارەزووەکانیان بکەن و بەردەوام بن تا پێی دەگەن".