ئارام بنوون خوشكەكانم..
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئارام بنوون خوشكەكانم..

 

ده‌بێ پێتان بڵێین: بنوون كیژۆڵه بێ نازه‌كان، ئارامگەی ئێوه‌ بن خاك و نێو گۆڕەكانە، نه‌ك ماڵێك كه ‌بۆتان كرابوو به‌ جه‌هه‌نه‌م!

ده‌بێ بڵێین: ئارام بنوون، توند خۆتان به‌ یه‌كه‌وه‌ بنووسێن، باوه‌شی گۆڕه‌كه‌تان گه‌رمتره‌ له‌ سۆزی باوان و خێزان... ئاسمانی نیشتمانی دایكتان، به‌ئاسته‌م فریشته‌ی وه‌ك ئێوه‌ له‌خۆ ده‌گرێ.

ئاخر لێره‌، په‌ڕی باڵنده‌كان ده‌سووتێنن، باڵی په‌پووله‌كان هەڵدەوەرێنن، رۆحی پاكتان مەسیح ئاسا لە خاچ دەدرێ، وه‌ك گه‌ڵاكانی پاییز وشكتان دەكەن، بەبێ ئەوەی رێگە بدەن وەك ئەوان، جوانی و شەوقی زێڕینی خۆتان پیشان بدەن.

خوشكه‌كانم، بنوون ئاخر له‌و جه‌نگه‌ڵستانه‌ی لە مێشكی باوكتاندایە بڕیاری گوللەبارانكردنتان دەرچوو، مافی دوایین هەناسەی ژیانتان پێ درا، وەك دوایین سەلماندنی پیاوەتیی باوكتان.

بنوون خوشكەكانم، چونكە رێكخراوگەلی ژنپارێز! و ده‌زگا مرۆڤدۆسته‌كان! نه‌یانتوانی ئارامیتان بۆ دابین بكه‌ن، هه‌ر وه‌كوو ده‌سته‌ خوشكه‌كانی ترتان، زۆر بە دڵساردی ئێوه‌یان به‌ باوەشی گۆڕ سپارد.

ئێمه‌ لەدوای كارەساتی مه‌رگتان، هه‌ناسه‌ی پڕ ئەسەف و ئاهو خه‌م و په‌ژاره‌تان بۆ هه‌ڵدەكێشین. ئێوه‌ نه‌مان، ئنجا ئێمه‌ ده‌ستمان كرد به ‌قسه‌ باق و بریقه‌كانمان، هه‌رچه‌ند حاڵی زۆر لە ژنان له‌ ئێوه‌ باشتر نیه، هه‌ندێكیان به ‌زه‌بری چه‌ك، هه‌ندێكیشیان به‌ زه‌بری ئەشكەنجە و توندوتیژی، هه‌ندێكیان به‌ شەڕی دەروونیی وەك شكاندنی كەسایەتی و ناوەناتۆرە و شەڕی ئابڕووبردن و تیرۆری كەسایەتی لە سۆشیال میدیاوە.

داخه‌كه‌م نازانن كه‌ دوای ئێوه‌ چی ڕووی داوه! ده‌می هه‌ر كه‌سێك ده‌كه‌یته‌وه‌، چاو به‌ فرمێسك و دڵ به‌حه‌سره‌ته‌ بۆتان، بەڵام بەر لە مەرگتان، كەس نەیتوانی رزگارتان بكات، خه‌می گەورەش ئه‌وه‌یه كە لە خۆمان دەپرسین: ئاخۆ دوای مه‌رگی ئێوه، نۆره‌ی چ كچێكی تر بێ؟!

خه‌می من ئه‌وه‌یه،‌ تا كه‌ی ڕێكخراوه‌كان، شێڵتەرەكان له‌ قه‌فه‌زەوە‌ ده‌بن به‌ ماڵێكی ئارام؟ تا ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ به‌ هۆكاری جیاواز خۆیان له‌ شه‌ڵته‌رێك داڵده‌ ده‌ده‌ن، وه‌ك باڵنده‌یه‌كی ئازاد له‌ كه‌شێكی ئارامدا هه‌ناسه‌ بده‌ن.

ده‌زانن خه‌م له ‌چی زیاتر ده‌خۆم؟ كاتێك ته‌رمه‌كانتانم بینی، ئێوه‌ی فریشتە راكشابوون، پیاوانم بینی بازنه‌یان له‌ ده‌ورتان دروست كردبوو، نوێژیان له‌سه‌ر ته‌رمەكەتان ده‌كرد، له‌وێش هه‌ر ته‌نیا بوون.

لە لایەكیشەوە دڵنەوایی خۆم ده‌ده‌مەوە‌ و ده‌ڵێم: ئێوه‌ ده‌بنه‌ هه‌ڵۆی به‌رزه‌‌فڕی ئاسمان و له‌ بڵندیی ئه‌ستیره‌كانه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ خاكی نیشتمان، خوازیارم په‌ڵه‌هه‌وری جه‌هاله‌ت و ژنكوژه‌كان له ئاسمان و خاكی ئەم نیشتمانه‌دا نه‌مێنن و سزای ئاسمان و زەو‌یان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت.

ئێستا گۆڕستان بووەته‌ ئارامگەی ئێوه، شه‌وانه چیرۆك و قه‌سیده‌ درێژه‌كان كه‌ خۆتان نووسیوتانه‌ بۆ مار و مێرووی ناو گڵكۆكه‌تان بخوێننەوە،‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌وان زۆر باشتر گوێتان لێ بگرن، چونكە‌ مرۆڤه‌كانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ نه‌یانویست گوێیان له‌ ده‌نگی ئێوه ‌بێت.

ئیدی ئێوه‌ لەو فه‌زایه‌دا جارێكی دی باوكێكی دوور له‌ وشه‌ی مرۆڤبوون نابیننه‌وه،‌ مۆته‌كه‌ی ره‌شی كولتووری پاوانكراو، ‌قسه‌ و باسی ئه‌قڵ داخراوه‌كانتان گوێ لێ نابێ، ئیدی ئێوه‌ دوورن و ئێمه‌ش نزیكین له‌ تاڵاوی زمانی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ شەرەف و پێگە و سومعەیان له‌نێوان لاقەكانی ژندا بینیوتەوە.