حكوومەتی وەستاندنی گەندەڵی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

حكوومەتی وەستاندنی گەندەڵی

 

دە دوازدە ساڵ پێش ئێستا، ھەندێك پۆستی گشتیی باڵا ھەبوون بۆ ماوەیەكی درێژ ھەر بەوەكالەت بەڕێوە دەبران و ململانێی بەرپرسانی سەرووتر نەیدەھێشت ئەو پۆستانە لە بەڕێوەبردن بە شێوازی وەكالەت ڕزگاریان ببێت. من وەك ڕۆژنامەنووسێك مەبەستم بوو بزانم ھۆكاری ئەو بابەتە چیە كە بۆ نموونە پۆستی بەڕێوەبەرێكی گشتی یەكلا ناكرێتەوە و ھەر بەوەكالەت بەڕێوە دەبرێت؟ ئاخر خۆ بەڕێوەبەرێكی گشتی مووچە و مافە داراییەكانی دیارە، نازانم ئێستا چۆنە بەڵام ئەوكات لە بارودۆخی دارایی زۆر باشدا بەڕێوەبەری گشتی بە مووچە و دەرماڵەوە مانگانە دوو ملیۆن و پێنجسەت ھەزار دیناری ھەبوو، ساڵانەش بڕێك دەچووە سەر مووچەكەی، باشە ئایا مەعقوولە لەسەری سەرەوە ململانێی نێوان بەرپرسە باڵاكان لەسەر دوو ملیۆن و پێنجسەت ھەزار دیناری مانگانە بێت؟ ماخۆلانم پێكەوت و بەدوای وەڵامی ڕاستەقینەی ئەم پرسیارەدا دەگەڕام، ئینجا لەبەرئەوەی ئەم كێشەیە لە سلێمانی زۆر بوو ھەر لە سلێمانی چووم بۆ لای كەسێكی زۆر شارەزا لە بابەتە داراییەكان كە لەلایەك ئاگاداری ورد و درشتی بابەتە داراییەكان بوو، لەلایەكی تریش بەرپرسیارێتییەكی دارایی باڵا و ھەستیاری ھەبوو و ئاگاداری شەڕ و ململانێی بەرپرسانی باڵاش بوو لەسەر ئەوەی كێ لەو پۆستە حكوومیە دابنرێت و كێ دانەنرێت؟ چووم بۆ لای و داوای وەڵامی ئەو پرسیارانەم لێ كرد كە لەپێشەوە ئاماژەم پێدان، ئەویش دوو بەدوو پێی وتم، نەخێر تۆ ڕاست دەكەیت و ئەو بەزم و ھەرایەی نێوان بەرپرسانی باڵا لەسەر مانگانەی دوو ملیۆن و پێنجسەت ھەزار دینار نیە، ئینجا وتی با بەكورتی ھەر بۆ نموونە نموونەیەكت پێ بڵێم، وتی: كاتێك كە پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ھاتوچۆ ململانێی لەسەرە، ئەوە لەبەر ئەوەیە كە بۆ نموونە لە بۆیاخكردنەوەی شوێنەكانی پەڕینەوەی ھاووڵاتیان لەسەر شەقامەكان، ئەو بەڕێوەبەرە گشتیە ئەو ئیشە بداتە كۆمپانیایەكی ئەو بەرپرسەی دایناوە و ئەگەر ئەو بۆیاخكردنە پێنجسەت ھەزار دۆلاری تێ بچێت، ئەوان بە تەندەرێكی یەك ملیۆن دۆلاری ئەو ئیشە دەبەن بۆ خۆیان، پێنجسەت ھەزار دۆلار بۆ بۆیاخكردنەكە و پێنجسەت ھەزار دۆلاریش بۆ ئەو بەرپرسەی كە كاكی بەڕێوەبەری گشتیی داناوە و ئیتر مووچە و دەرماڵەی مانگانەی بەڕێوەبەرە گشتییەكەش ھەمووی بۆ خۆی! بەڵام:
ئێستا و لەم كابینەی حكوومەتەدا، ھەرچەندە بەرەنگاربوونەوە و كاری تری زۆر ماوە بكرێن، بەڵام ھەتا ڕادەیەكی زۆر توانراوە سنوورێك بۆ ئەم چەپ و گوپە و ئەم جۆرە گەندەڵیە دابنرێت. زۆر درێژەی نادەمێ بەڵگەكەشم ماجەرای كۆمپانیاكانی غازی كۆرمۆر و شەقامە سەت مەتریەكەی سلێمانیە كە دەیانویست ھەر بە شێوەی بۆیاخكردنی ھێڵەكانی پەڕینەوەی سەرشەقامەكان – ئەو نموونەیەی كە لە پێشەوە باسم كرد - ئەو دوو ئیشە بڕوات، بەڵام ئەم حكوومەتە وتی: نەخێر و بەس.