ئه‌مریكا دوو کەسی ئێرانیی بە دزینی زانیاریی ئه‌لیكترۆنی تۆمەتبار ده‌كات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئه‌مریكا دوو کەسی ئێرانیی بە دزینی زانیاریی ئه‌لیكترۆنی تۆمەتبار ده‌كات

"زانیاریی هەواڵگری و ئەتۆمییان دزیوە"

داواكارێكی گشتیی ئه‌مریكی تۆمه‌تی پێشێلكردن و دزینی ئه‌لیكترۆنی ئاراسته‌ی دوو هاووڵاتی ئێرانی كردووه‌، كه‌ چه‌ندین زانیاریی هه‌ستیاریان له‌ زانكۆكانی ئه‌مریكا و سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ له‌ واشنتۆن و رێكخراوگه‌لێكی مرۆیی ئەو وڵاتە دزیوه‌.

وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مریكا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، كه‌ ئاژانسی (رۆیته‌رز) بڵاوی كردووەته‌وه‌، ده‌ڵێت ئه‌و دوو چه‌ته‌ ئه‌لیكترۆنییه‌ زانیارییه‌ هه‌ستیاره‌كانیان بۆ حكوومه‌تی ئێران بردووه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، كه‌ هومەن حه‌یده‌ریان، ته‌مه‌ن 30 ساڵ و مه‌هدی فه‌رهادی ته‌مه‌ن 43 ساڵ، كه‌ هه‌ردووكیان خه‌ڵكی هه‌مه‌دانن، سه‌دان تیرابایت زانیاریی هه‌ستیاریان لە ئەمریکا دزیوه‌، كه‌ له‌ نێویاندا زانیاریی هه‌واڵگری و زانیاریی په‌یوه‌ست به‌ ئاسمان و توێژینه‌وه‌ی زانستی بڵاونه‌كراوه‌ و زانیاریی ئه‌تۆمی ناسه‌ربازی به‌رچاو ده‌كه‌وێت.

وه‌زاره‌تی دادی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو کەسانە زانیارییان له‌باره‌ی به‌رهه‌ڵستكاران، یان چالاكوانانی مافپه‌روه‌ر یان سه‌ركرده‌كانی ئۆپۆزیسیۆن، كه‌ ناویان نه‌هاتووه‌ دزیوه‌.

لە بەیاننامەکەی وه‌زاره‌تی دادی ئەمریکادا هاتووە كه‌ له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا زانیارییه‌ دزراوه‌كانیان بۆ خۆیان له‌ بازاڕی ره‌شدا فرۆشتووه‌.

جێی باسه‌ دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 16/9/2020، وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مریكا په‌نجه‌ی تاوانی بۆ پێنج هاووڵاتی دیكه‌ی چینی درێژ كردووە كه‌ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ژین و ئه‌وانیش تاوانی ئه‌لیكترۆنییان كردووه‌.

جۆن دیمیرز راوێژكاری وه‌زیری دادی ئه‌مریكا بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، ده‌ڵێت بۆمان دەر كه‌وتووه‌ لانیکەم چوار ده‌وڵه‌ت ـ  ئێران و چین و ڕووسیا و كۆریای باكوور، رێگا به‌ چه‌ته‌كانیان ده‌ده‌ن له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان تاك و كۆمپانیاكان بكه‌نه‌ ئامانجی خۆیان و چه‌ته‌كانیش ئه‌و زانیارییانه‌ ده‌دزن، كه‌ به‌لای حكوومه‌ته‌كانی خۆیانه‌وه‌ گرنگن.