بەرپرسێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: وەبەرهێنەرانی بیانی گەڕاونەتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەرپرسێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: وەبەرهێنەرانی بیانی گەڕاونەتەوە

بەرپرسێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، وەبەرهێنەرانی بیانی گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان و لە چەند مانگی داهاتوودا كەرتی وەبەرهێنان برەوی باشتری پێدەدرێت.

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، پشتیوان بە خودا لە چەند مانگی داهاتوودا كەرتی وەبەرهێنان برەوی باشتری پێ دەدرێت، وەبەرهێنەرانی بیانی لە توركیا و وڵاتانی عەرەبی گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان و دەستیان بەكار كردووەتەوە.

رێباز حەملان هەوەها رایگەیاند،حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بووژاندنەوەی کەرتی وەبەرهێنان، هەموو کارئاسانییەک بۆ وەبەرهێنەران دەکات، ”لە ماوەی كاركردنی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بەهای نزیكەی ملیارێك و 400 ملیۆن دۆلار سەرمایەگوزاری لە وەبەرهێنان كراوە“.

یاریدەدەری سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاماژەکردن بە کاریگەریی پەتای کۆرۆنا لەسەر ئابووریی کوردستان و جیهان کرد و رایگەیاند، ”نابێت مل بۆ كۆڕۆنا بدەین، دەبێت كارەكانمان رێكخەینەوە و خۆمان لەگەڵ دۆخەكە بگونجێنین، ئەگەر چاوەڕێی پێکوتەی دژەکۆرۆنا بین لە زۆرشت دوادەكەوین، بۆیە جەنابی سەرۆكی حكوومەت دەستی كردووە بە كردنەوەی پڕۆژەكان و دانانی بەردی بناغەی پڕۆژە تازەكان بۆ ئەوی بكەوینەوە سەر پێی خۆمان".

رێباز حەملان لەبارەی فرەچەشنکردنی داهاتەکانی حکوومەت، رایگەیاند، لە كارنامەكەی كابینەی نۆیەمدا باس لە زیادكردنی سەرچاوەكانی داهات كراوە، بۆیە دەرگا واڵا دەكرێت بە رووی كەرتی تایبەت لە بوارەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتیاری و بازرگانی و پرۆژەی هاوبەشی حکوومی و کەرتی تایبەت.