كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

كەمال كلیچدارئۆغلۆ: لە توركیا ١٠ ملیۆن کەس بێكارە

كەمال كلیچدارئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی کۆماری (CHP) كە گەورەترین پارتی ئۆپۆیسۆنی توركیایە، ئاشكرای دەكات ژمارەی ئەو کەسانەی ئێستا لە توركیا بێکارەن، ١٠ ملیۆن کەسە، بەڵام دەسەڵات دەشارێتەوە و حاشای لێ دەکات.

كەمال كلیچدارئۆغلۆ لە كاتی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی ئەنیستیتوتی گەشەپێدانی دیموكراتی، وەڵامی چەند رۆژنامەنووسێكی دایەوە و باسی لە رەوشی ئێستای توركیا کرد.

كلیچدارئۆغلۆ باسی لە رێژە و ئاماری بێكاری لە توركیا کرد و گوتی: "لە تەواوی توركیادا ١٠ ملیۆن كەس بێكارە و رێژەی بێكاری٣٠٪ە. بە بڕوای من ئاكەپە ئەو پارتە نییە بتوانێت كێشەی ئابووری لە توركیا چارەسەر بكات، بەڵكوو چارەسەر تەنیا لای جەهەپەیە".

لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوەش دا لە توركیا شتێك نییە بە ناوی ئاكەپە وەكوو پارت، بەڵكوو ئەوەی هەیە تەنیا رەجەب تەیب ئەردۆغانە و ئاكەپە وەكوو پارت بوونی نییە.

ماوەی نزیکەی دوو ساڵە تورکیا ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری و بێکاری بووەتەوە و ئەم قەیرانە لەگەڵ هاتنی پەتای کۆرۆناش هێندەی دیکە قووڵتر بووە و دابەزینی بەهای لیرە لە بەرانبەر دۆلار و سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بوونەتە هۆی ئەوەی کە ڕەوشی ئابووریی ئەو وڵاتە بەرەو خراپتر بڕوات.