كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لیژنەی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراون لە پەرلەمانی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات

بڕیارە لەم نزیكانە لیژنه‌ى كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ چارەسەركردنی چەندین كێشە و گیروگرفتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان سەردانی بەغدا بكەن و لەگەڵ لێژنەی شەهیدان و فراكسیۆنە كوردستانییەکانی لە پەرلەمانی عێراق كۆ ببنەوە.

سوسەن محەمەد میرخان، سەرۆكی لیژنه‌ى كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بۆ چارەسەكردنی كێشەكانی کەسوکاری شەهیدان ئەنفالكراون لیژنەی شەهیدان و لەمێژە بڕیاری دابوو سەردانی بەغدا بكات، بەڵام بە چەندین هۆكاری جیاجیا تا ئێستا ئەو سەردانە ئەنجام نەدراوە و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا شاندێكی لێژنەی كاروباری شەهیدان سەردانی بەغدا بكەین".

 لەبارەی ئامانجی سەردانەكەیان ڕای گەیاند: "دەمانەوێت لەم سەردانەدا كێشە و گرفتەكانی مووچە و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالكراون و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی بگەینینە بەغدا و داوای ماف و ئیمتیازاتەكان و قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری شەهیدان بكەین".

سەوسەن محەمەد میرخان ڕوونیشی كردەوە: "دەمانەوێت لەم سەردانەماندا لەگەڵ لیژنەی كاروباری شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق و لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكان لە بەغدا كۆ ببینەوە بۆ ئەوەی هەماهەنگی لە نێوانماندا بێت و كێشە و گرفتەكانی كەسوكاری شەهیدان چارەسەر بكرێت، پێویستە حكوومەتی عێراق ئاوڕێك لە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و جینۆسیاید بداتەوە مافەكانیان بدات".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد:  "لە عێراق مووچەی كەسوكاری شەهیدان، موچەیەكی گونجاوە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئەو مووچەیە نییە و دەبێ هاوتا بکرێن".