هاوپەیمانەکەی ئەردۆغان لە باکووری ئەفریقیا دەستی لەکار کێشایەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هاوپەیمانەکەی ئەردۆغان لە باکووری ئەفریقیا دەستی لەکار کێشایەوە

سەرۆکی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا، کە هاوپەیمانی رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا بوو، دەستی لەکار کێشایەوە.

فایز سەراج، سەرۆکی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا لە وتارێکی تەلەڤزیۆنیدا، رایگەیاندووە، تا ئێستا هەموو هەوڵەکانی چەسپاندنی ئاشتەوایی و راگرتنی شەڕی لایەنەکانی لیبیا، بێ ئەنجام بوون.

فایز سەراج بە راگەیاندنی دەست لەکار کێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆکایەتیی حکوومەت، رایگەیاند، حکوومەت لە بارودۆخێکی ئاساییدا نەبوو و بەردەوام رووبەڕووی ”پیلانگێڕیی ناوخۆیی و دەرەکی دەبووەوە“.

سەرۆکی دەست لەکارکێشاوەی حکوومەتی لیبیا بەبێ ناوهێنانی لایەنەکە، رایگەیاندووە، بەشێک لە لایەنەکان سووربوون لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان لەڕێگای شەڕی چەکدارییەوە، ”هەرچەندە ئێمە چەندین جار تەنازولمان کرد، بەڵام بێ سوود بوو“.

حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا لەلایەن سەرکردەکانی رەوتی ئیخوان موسلیمین لە لیبیا پێکهێنراوە و تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، کە خۆی وەک رێبەری رەوتی ئیخوان موسلیمین وێنا دەکات، بە ناردنی چەک و میلیشیای چەکداری، هاوکاریی ئەو حکوومەتە دەکات.

سوپای نیشتمانیی لیبیا بە سەرۆکایەتیی خەلیفە حەفتەر، دژایەتیی خۆی بۆ رەوتی ئیخوان موسلیمین راگەیاندووە و وڵاتانی میسر، سعودیە و ئیمارات، کە رەوتی ئیخوان موسلیمینیان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە، پاڵپشتی دەکەن.

لیبیا وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە باکووری ئەفریقیا و لە ساڵی 2011ـەوە و دوای رووخاندنی رژێمی موعەمەر قەزافی، دەیان گرووپ و میلیشیای چەکداری تێدا دروست بوون و شەڕی یەکتر دەکەن.

وێنەیەکی فایز سەراج