بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی گەرمیان لەڕێگەی هۆبەی جیۆلۆجییەوە چاودێریی وردی كارگەكانی چەو و لمی سەر ڕووباری سیروان دەكات، ئەوەش لە كاتێكدایە كە پێدانی مۆڵەت بە دانانی كارگەی نوێ لەسر رووبارەكە راگیراوە.
یادگار فەتاح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی گەرمیان، ئەمڕۆ پێنجشەممە17/9/2020 بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "پاش ئەوەی خاوەن كارگەكانی چەو و لم لەسەر ڕووباری سیروان بەڵێنیان دا شێوازی كاركردنیان رێك بخەنەوە، بڕیارمان داوە بە شێوەی لەناكاو كارگەكان بەسەر بكەینەوە."
گوتیشی: "پاش ئەوەی لەلایەن هۆبەی جیۆلۆجی بەرێوەبەرایەتیمانەوە دەركەوت حەوت كارگەی چەو و لم زیادە لە شوێنی دیاریكراوی خۆیان، زیادەڕۆییان كردووەتە سەر ڕووبارەكە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیمانەوە بڕیار درا سزایان بۆ دیاری بكرێت."
سزادانی خاوەنی ئەو كارگانە لەكاتێكدایە كە هەر دوینێ ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی گەرمیان بڕیاریان دا بە پابەندكردنی كاركەگانی سەر ڕووباری سیروان بە دانانی كەسارە و بەكارهێنانی 75% پاشماوەی كارەكانیان، هاوکات بڕیار دراوە مۆڵەتی دانانی كارگەی نوێی چەو و لم لەسەر رووباری سیروان و رێگەپێدانی دانانی كارگەی نوێ لە چەمە وەرزییەكان ڕابگیرێت.
ئەم بڕیارانە لە کاتێکدان بەهۆی بوونی دەیان کارگەی چەو و لەم لەسەر ڕووباری سیروان ڕێڕەوی ڕاستەقینەی ڕووبارەکە شوێندراوە و بووەتە هۆی تێکدانی ژینگەی قەراخی ڕووبارەکە، بۆیە ماوەیەک لەمەوبەر لە سنووری گەرمیان چالاکوانانی ژینگە کەمپینی ڕزگاکردنی ڕووباری سیروانیان ڕاگەیاند.