ھەرێمی کوردستان.. دەست بە ڕووپێوکردنی ناوچە شوێنەوارییەکان دەکرێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ھەرێمی کوردستان.. دەست بە ڕووپێوکردنی ناوچە شوێنەوارییەکان دەکرێتەوە

 

بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دەستدەکەنەوە بە ڕووپێوکردنی ناوچە شوێنەوارییەکان و تا ئێستا لەو ڕووپێوکردنەکەی لە ماوەی ڕابردوو ئەنجامیانداوە توانیویانە چوار ھەزار شوێنەوار تۆمار بکەن.

کەیفی مستەفا،بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "پێش ھاتنی پەتای کۆرۆنا بە ھاوکاری تیمە شوێنەوارییە بیانییەکان دەستمان کردبوو بە ڕووپێوکردنی ناوچە شوێنەوارییەکان و توانیمان ٣٣% ی ناوچە شوێنەوارییەکانی ھەرێمی کوردستان رووپێوبکەین و لەو ڕووپێوییەشدا چوار ھەزار شوێنەوارمان تۆمار کرد".

گوتیشی: " ھەرچەندە تیمە بیانییەکان تا ئێستا بڕیاریان نەداوە بە ھۆی بەردەوامی پای کۆرۆنا بێنەوە ھەرێمی کوردستان،بەڵام ئێمە دەست بە کارکردن لە  ڕوپێوکردنەکە دەکەینەوە بەتایبەت کە تیمەکانمان شارەزایی پێویستیان لەو ڕووەوە وەرگرتووە و ھەندێ ئامێری تایبەت بە پشکین و ھەڵکۆڵینی شوێنەواریشمان بۆ دابینکراوە".

سەبارەت بە سوودی ئەو ڕووپێوکردنەی ناوچە شوێنەوارییەکان، بەڕێوەبەرە گوتی: "بەو ھۆیەوە دەتوانین ئامارێکی وردی شوێنەواری وڵاتی خۆمان دەستکەوێت ھاوکات شوێن و مێژووی شوێنەوارەکە دەست نیشان دەکەین و لەکاتی دابینکردنی بودجە بۆ شوێنەوار بەرچاومان ڕوون دەبێت لە پێویستی ناوچە شوێنەوارییەکان، ھەوەک تۆمارکردن و دانانی ھێمای تۆمارکردنەکە ھۆکارێک دەبێت بۆ ئەوەی لەلایەن ھەندێ کەسەوە دەستدرێژی نەکرێتە سەر ناوچە شوێنەوارییەکە".