كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

عه‌لى عه‌ونى: كۆمەڵی ئیسلامی حزبێكی پۆپۆلیستیی فاشیلە

”ئەمیرەكەیان لە ڕیفراندۆم دەنگی دا بۆ ئەوەی ئەگەر پرۆسەكە سەركەوت خۆی بكاتە شەریك“

ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە توندی وەڵامی سەركردەیەكی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان دەداتەوە و وەبیری دێنێتەوە كە بەهۆی ڕیفراندۆمەوە خاكی هەرێمی كوردستان لەدەست نەدراوە، بەڵكوو بەهۆی خیانەتكارانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ بووە و كۆمەڵیش بە ”حزبێكی پۆپۆلیستیی فاشیل“ وەسف دەكات.

سەعید مەجید، سەركردە لە كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان، بانگەشەی ئەوەی كردووە كە گوایە بەهۆی ڕیفراندۆمەوە خاكی هەرێمی كوردستان لەدەست دراوە.

لە بەرامبەردا عه‌لى عه‌ونى، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیی پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ (باسنیوز)ى ڕاگه‌یاند: ”ڕیفراندۆمى كوردستان له‌ دروستترین ساته‌وه‌ختى خۆیدا كرا، چونكه‌ به‌رنامه‌ى عێراق ئه‌وه‌بوو كه‌ كه‌ركووك بگرێت پێش ئه‌وه‌ى ئێمه‌ ڕیفراندۆم بكه‌ین، بۆیە ده‌بوایە ئێمه‌ له‌ كه‌ركووك ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ ئەنجام بدەن“.

ڕوونیشی كردەوە كە چۆن ئێستا سه‌یرى به‌ڵگه‌نامه‌كانى عوسمانى دەكرێت، لە ئێستا و داهاتووشدا بە هەمان شێوە دەتواندرێت ڕیفراندۆم و ئەنجامەكەی وەك بەڵگەنامەیەكی مێژوویی گرنگ بۆ گەلی كوردستان سەیر بكرێت.

سەركردەكەی پارتی پرسیاری ئەوە لە بەرپرسانی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان دەكات كە ئاخۆ هۆكاری بڕینی بودجەی كوردستان كە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ڕاگیراوە، ڕیفراندۆمە وەك ئەوان لە لێدوانەكانیاندا باسی دەكەن؟ لە كاتێكدا ڕیفراندۆم لە ساڵی ٢٠١٧دا كراوە. گوتیشی: ”ئەوان بڕیاریان داوه‌ شتى باش بۆ كوردستان قەبوڵ نەكەن، ئێمه‌ نه‌بووینه‌ هۆكارى له‌ده‌ستدانى نیوه‌ى خاكى كوردستان، به‌ڵكوو تاقمێكى دیارىكراوى كوردستان بوون  كه‌ خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ریان ئه‌نجام دا و خۆشیان لەسەر شاشه‌كان بانگەشەیان دەكرد. كۆمەڵ لە جیاتی ئەوەی داگیركه‌ران تاوانبار بكات، لۆمەی ڕیفراندۆم دەكات“.

عەلی عەونی جەختی كردەوە كە ریفراندۆم مافێكى خۆڕسكى هه‌موو نەتەوەیەكە و ”ئێمه‌ش به‌پێی یاسا نێودەوڵەتییەكان و دەستووری عێراق كە مانەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتەكە بە ئارەزوومەندانە دەزانێت، ڕیفراندۆممان كردووە و ‌شتێكى نایاساییمان نه‌كردووه،‌ دەنگدانی خەڵكی كوردستانیش بە ڕێژەی ٩٣٪ بە (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان) بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ڕیفراندۆم ویستی خەڵكی كوردستان بووە“.

دووپاتیشی كردەوە كە كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان ”حزبێكى پۆپۆلیستى فاشیله، لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ ئه‌میره‌كه‌یان له‌ پرۆسەی ریفراندۆمدا ده‌نگى دا، په‌نجه‌ى لەبەردەم شاشەكان نیشان ده‌دا و دەیگوت منیش دەنگم بە سەربەخۆیی كوردستان داوە، ئەمەشی لەو پێناوە كرد كە ئەگەر ڕیفراندۆم سەركەوتوو بوو، ئەوا بڵێن ئێمەش بەشدار بووین و شەریكی سەركەوتنین، ئەگەریش شكستی هێنا، ئۆباڵەكەی دەخەنە ئەستۆی لایەنی دیكە“.

لە كۆتاییشدا عەلی عەونی وەبیر كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستانی هێنایەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە كاتی ڕیفراندۆم و لە ئێستاشدا، جگە لە ڕای میللەتی كورد، ”حیساب بۆ هیچ بۆچوونێك ناكەین كە بیەوێت بەسەرماندا بسەپێندرێت“.