شادان بەکر: بۆ من ڕاگەیاندن خولیایە و لە دڵەوە کاری بۆ دەکەم
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شادان بەکر: بۆ من ڕاگەیاندن خولیایە و لە دڵەوە کاری بۆ دەکەم

 

شادان بەکر خانمە پێشکەشکار و بێژەری کوردستان تیڤی کە ماوەی چەند ساڵێکە بێ دابڕان لە راگەیاندندا کار دەکات، لە دیدارێکیدا باس لە ئەزمونی کارکردنی و بەشێک لە ژیانی خۆی دەکات.

شادان بۆ (باسنیوز) گوتی:   "سەرەتای کارکردنم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2000 کە ئەوکات لە بەشی منداڵانی کوردستان تیڤی کارم دەکرد، پاش ئەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە بەشی تەکنیک کارم کرد، دواتر لە ساڵی 2010 وەکو نووسەر و پێشکەشکاری ھەواڵی وەرزشی دەستبەکار بووم تا ئێستا".

دەشڵێت:   "کاری راگەیاندن ئەگەرچی ھیلاکی و ماندووبوون و کێشەی زۆری ھەیە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە دونیایەکی دیکەم بە روودا کراوەتەوە کە جیاوازە لە ژیانی کەسێکی ئاسایی".

شادان گوتیشی:  "ھەواڵی وڵاتان و کەسانی بەناوبانگ کاریگەری لەسەر ژیانی ھاووڵاتیان ھەیە کە من پێشکەشی دەکەم زۆر جار کاریگەری لەسەر ژیانی خۆشم ھەبووە وەکو ھەواڵی دڵخۆشی، دۆران، سەرکەووتن، گیانی وەرزشی من بوومەتە پردی پەیوەندی ئەم ھەستانە و ھیوادارم بتوانم بە باشی بۆ بینەری بگوازمەوە".

دەشڵێت:   "راگەیاندکاری سەرکەوتوو پێویستە پیشەییانە کاری خۆی بکات و بێ لایەنی و راستگۆیی خۆی بپارێزێت و گرنگە خێرابێت لە گەیاندندا، گرنگترین بەشی راگەیاندنیش راگەیاندکاری سەرکەوتووە، ھەر راگەیاندکارێکیش بە گوێرەی رۆشنبیری و ئەزمونی خۆی پێوەری جیاوازی کار کردن رەچاو دەکات و رێگایەکی زۆرمان بڕیوە تاوەکو لانیکەم بتوانین شان لە شانی میدیاکارانی وڵاتانی دەوروبەر بدەین، من گەشبینم و بڕوای تەواوم بە توانای خۆم و ھاوکارانم لە دەزگا جیا جیاکانی راگەیاندن لە ھەرێمی کوردستان ھەیە".

ڕاشیگەیاند:   "بۆمن راگەیاندن زیاتر خولیایە، چونکە لە دڵەوە ئەوەی لە توانامدا بووبێ کردوومە بۆ پیشەکەم،  ھەر ئەرکێک لەم روانگەیەوە سەیر بکرێت لەگەڵ ھزری بینەر رەنگدەداتەوە و جێی خۆی دەگرێت، ئێستاش جگە لە کاری راگەیاندن خەریکی خوێندنم لە بواری وەرزشدا بۆ ئەوەی ئەزمونێکی باشتر پێشکەش بکەم".

هەروەها ڕایگەیاند:   "کاری راگەیاندن بۆ ئافرەتان دوو جار قورسە، کە یەکەم قورسای کارەکەیە دووەم قورسایی کۆمەڵگایە، ئەگەر بوێر نەبی لە یەکەم ھەنگاو چۆک دادەدەی، بۆیە ھەنگاوی یەکەم گرنگە بۆ ئەوەی بزانی ئایا توانای تاقیکردنەوەی ئەم رێگایات ھەیە و تا چەن متمانەت بە خۆتە، پەیامیشم ئەوەیە هەر کەسێک پێویستە متمانەی بەخۆی هەبێت و هەنگاو بنێت بوێر بێت".