رۆمانی (نزا ئەستێرە)ی رۆماننووس ڤینۆس فایەق
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

رۆمانی (نزا ئەستێرە)ی رۆماننووس ڤینۆس فایەق

 

(١)
بابەتێکی نوێ
تا ئەو حەلەی کە تێیدا دەنووسم، یەکەم جارە، ئەم بابەتە لە دەقی رۆمانێکی کورددا دەخوێنمەوە. (بابەت)ێک، کە قورسە ناوی (بابەت) لەبارەی کەسانێکەوە بکەینە ناونیشان، کە لە کوردستانی باشووردا، لە سەردەمی خەباتی نێو شارەکاندا، لە سەردەمی زیندانیکردن و شەهیدبوون و لەسێدارەداندا، بە دڕندەترین و نامرۆڤانەترین شێوەدا، بوونە قوربانیی رژێمێکی تاوانکار و تۆتالیتار و بێنامووسدا.
ئەو ژنانەی لە سەردەمی رژێمی (بەعس)دا، لەنێو شاردا خەباتیان بۆ پێشمەرگە و خاک و ئازادی و شانازیدا کرد، کە گیران و لە زیندانەکاندا، لەسەر دەستی دڕندەکانی دیکتاتۆردا، دوور لە هەموو بەها و ئەخلاقێکی مرۆڤانەوە، سکپڕ کران و منداڵیان بوو. بوونە جۆرێکی دیکەی قوربانی، جۆرێک کە نە خۆیان و نە خێزان و نە کۆمەڵ توانیان قبووڵیان بکەن و بەرگەی ئەو هێدمەیە بگرن!

(٢)
مێژووی خەبات لەنێوان
سەربەرزی و سەرشۆڕیدا
لە سەردەمی خەباتی ئازادی و ژیان و زیندووبووندا، ئەوە پیاوەکان بوون وەک رەمزی پیرۆزیی شۆڕش و قارەمانەکان تەماشا دەکران. پیاوی شۆڕشگێڕ، ئەوانەی چەکیان هەڵدەگرت، زیندانی دەکران، ئازاد دەبوون، شەهید دەکران، بۆ هەمووان جێگەی شانازی و سەرفەرازی و پاکی و شکۆ بوون.
لەنێو مێژووی ئەم خەباتەدا، ئەگەر ژنێک ناوێکی پەیدا کردبێت، ئەوا بە هۆی پیاوێکەوەیە، جا ئەو پیاوە مێرد یان باوک یا برا بووبێت. لەنێو ئەم خەباتەدا، ژنان نەبوونە ئەو مرۆڤەی لەنێویاندا کەسی شۆڕشگێڕ و قارەمان و سەربەرز حزوور پەیدا بکات. هەموو شانازییەکە بۆ پیاوان بوو.
کە تەرمی لەسێدارەدراوی (سامان)ی شەهید دە‌هێننەوە، شارێک، نیشتمانێک بەتەواوی شانازیی پێوە دەکات. دایکی جەرگی سووتا، بەڵام سەربەرز بوو، (سامان) جێی سەرفرازیی خێزانەکەی بوو. بەڵام خوشکەکەی کە لە زینداندا بەرگەی گرت و وەک خەباتکارێکی راستەقینە رووبەڕووی دوژمن بووەوە، بە هۆی سکپڕکردنییەوە لە لایەن دڕندەکانی رژێمەوە، بووە هۆی سەرشۆڕیی خێزان و بنەماڵە و شار و میللەتێک! چونکە ئەو وەک برایەکەی شەهید نەبوو، ئیدی هیچ پاکی ناکاتەوە، بۆیە دەبێت کۆتایی بە ژیان بهێنێت، تا لە چاو و تێگەیشتن و زانینی خەڵکدا هەر وەک شۆڕشگێڕ و زیندانییەکی خەباتگێڕ بمێنێتەوە!

(٣)
جەستە و شۆڕش
(سارتەر) لە شانۆیی (مردووە بێ کفن و دفنەکان) باسی بابەتی زۆری جەستەیی و ددانپێدانان و خەبەرلێدان لەسەر یار و هاوڕێیانی شۆڕش دەکات، لەرێی دەستدرێژیکردنە سەر کۆمەڵە خەباتکارێک، کە زیندانی کراون، تا شوێنی سەرکردەکەیان ئاشکرا بکەن، لەنێویاندا کچێکیش هەیە، توندوتیژی و لێدان و دواییش لاقەکردنی لەگەڵ بەکار دێنن. کچە خۆگر دەبێت و مل بۆ داواکەی ئەوان نادات، جەستەی بەرگەی ئەو شکۆ شکان و ئەزییەت و هێدمە روحی و دەروونییە دەگرێت و ناهێڵێت دوژمنەکان دەستیان بگاتە ئەو شوێنەی کە عیشق و سەرفەرازی و شانازیی کچەی تێدایە، ئەو ناوچە نەبیندراوەی لە جەستەی هەر کچێک یان کوڕێکی شۆڕشگێڕدا هەیە و دوژمن دەیەوێت بیگاتێ، دەبێتە دووسەری هاوکێشەیەکی ئالۆز لەنێوان شۆڕش و جەستەدا.
کارئەکتەری ئەم رۆمانە، جەستەی کە دەبێتە قوربانی، نە شۆڕش و نە کۆمەڵ و هەتا خۆیشی ناتوانێت ئەو هێدمەیە قبووڵ بکات و وەک کەسێکی شۆڕشگێڕیی سەربەرز و خاوەن شکۆیەکی مرۆیی و نیشتمانی و کۆمەڵایەتی، بەردەوامی بە ژیانێکی کامەران و شەرافتمەندانە بدات. ناتوانێت، بۆیە دوای منداڵبوونەکەی، خۆی دەکوژێت!
تێگەیشتنی کۆمەڵ و شۆڕش لە جەستەدا، تەنیا لە رووە ماددییەکەی قەتیس ماوەتەوە و نەیتوانیوە هەرێمە نادیار و روحییەکانی جەستە ببینێت و درکیان پێ بکات، ئەگەر کۆمەڵ یا شۆڕش ئەو هەرێمە ئاسێ و پەنهان و خەزێنەی جوانی و عیشق و هەق و راستیی مرۆڤ ببینێت، نە خۆی و نە کۆمەڵ و نە دوژمنیش ئاوا بێباکانە، دەستی ناچێتە ئەو جەستەیە و تەفروتوونای بکات.
کێشەیەکی گەورەی مرۆڤ بە گشتی لەبارەی جەستەوە ئەمەیە کە تا ئێستا لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا و شۆڕشە شکستخواردووەکانیدا، نەیانتوانیوە پێوەندیی نێوان ئیرادە و پاکی، جەستە و موقەدەسی بدۆزنەوە. بە شێوەیەک کە جەستە هەڵگری شکۆی مرۆڤ و ئەو بارە دەروونی و روحی و مەعریفی و ئەقڵی و هزرییەیە، کە لەنێو بازنەی (هەق و راستیدا) پەیدا دەبێت و پێدەگات و بەم هەق و راستییە، چاک و ناچاک لە یەکدی جیا دەکاتەوە.
کەمن ئەوانەی لەبەرابەر جەستەدا، هاوکێشەکانیان لێ تێکەڵ و پێکەڵ نابێت، کەمن ئەوانەی بەرگەی ئازار و ئەزییەتە روحییەکانی جەستە دەگرن، کەمیشن ئەوانەی دەتوانن هەرێمی (هەق) لەنێو خۆیاندا بپارێزن. جا ئەگەر کەسێک یان کۆمەڵێک یان شۆڕشێک نەتوانێت جەستەی رۆڵەکانی خۆی، کچەکانی خۆی بپارێزێت و وەک هەرێمێکی موقەدەس پێناسەیان نەکات، ئەوا دەبێت چاولەڕێی ئەو خۆکوشتنە بین، کە خاتوونە پاکەکانی شۆڕش، بە ناچاری پێش ئەوەی دوژمن پیسیان بکات، ماڵ و خێزان و کۆمەڵ و نیشتمان پیسی کردن!

(٤)
ناو و چەمکەکان
ڤینۆس فایەقی رۆمانننووس، لەگەڵ ئەم بابەتە، کە ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە، دەمانباتە نێو کۆمەڵێ ناو و چەمکەوە، کە لە فەرهەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێمەدا، لە سەردەمی داگیرکاریی رژێمی (بەعس)دا و تا ئێستاش هێز و وزەیەکی گەورەی ئەخلاقییان تێدایە و لە ڕێی کۆمەڵێ کەناڵی جیاوازەوە دەڕژێنە نێو ژیان و ئەزموونی جیهانیی هەر یەکێک لە ئێمەدا، کە لەگەڵ کەسێکی دیکەدا ئەو ئەزموونە بەش دەکەین. ئەم چەمکانە بەردەوام ئاسۆیەکی ئەخلاقی لە ئێمە دەکەنەوە، یان ئێمە دەخاتە نێو ئەو کەشەی ئەو ئاسۆ ئەخلاقییە وەک جیهانێک پەیدا دەبێت و ئێمەیش لەنێو ئەو جیهانە ئەخلاقییەدا، بە دەلالەتەکانییەوە ئەزموونی ژیان و زیندووبوونی خۆمان دەکەین، چەمکەکانی وەک (کوردبوون و کوردایەتی، ژنبوون و شۆڕشگێڕی، شکۆ، شەڕەفی ژن، وڵات و خێزان، شەهیدبوون لەپێناو خاک و مرۆڤ و سەربەرزیدا، مردن و سەرشۆڕی بەهۆی خەباتی شۆڕشگێڕییەوەو هتد..،) هەمیشە ئێمە و منداڵ و وەچە و نەوەکانمان دەخەنە بەردەم جۆرە ژیانێکی پێشوەختە بڕیار لەسەردراو و سنووردار بە جووڵە و خەباتی نێر و مێ لەنێو ئەم سنوورەدا.
ناو و چەمکەکان، لەنێو فەرهەنگی شۆڕش لە باشووردا، نەبوونە ئاسۆی مەدلوولاتێکی ئەخلاقی بۆ دەلالاتی نوێ، بۆ ژیانێکی نوێ و کۆمەڵێکی نوێ. هێزێکی نەدایە ئەقڵ و روح و دەروونمان کۆتەکانی ئەم چەمکانە بشکێنێت و ناوەکان و چەمکەکان بکاتە هێما و ئاماژەیەک بۆ ژیانێکی مرۆڤانەتر و میهرەبانتر و راستتر و ئازادتر و بەئەخلاقتر!
شۆڕش نەیتوانی ئەو سزا کۆمەڵایەتییانە رەت بکاتەوە، کە ناو و چەمکەکان بێ تاوان دەیداتە ئەندامەکانی، تەنانەت نەیتوانی ئەو سزایانە لەسەر نەوەی دووەمی ئەم قوربانییانەش کاڵ بکاتەوە!

(٥)
عیشق و شۆڕش
نەوەی دووەمی ئەم قوربانییانە، لە هاوکێشەی شۆڕش و عیشقدا، وەک ئەستێرە و زەوی لەیەکدی دوور دەکەونەوە! ئەوەی ئەزموونی ژیان پێکدەهێنێت، سۆز نییە، بەڵکوو بەدبەختییەکە کە وزەی بەختەوریی تێدا نییە. تەمەنی ئەزموونی جیهان لەنێوان عاشق و مەعشووقێکدا، (ئەستیرە و شۆڕش) بە نموونەی ئەم رۆمانە. ئەوەندە کورتە کە بەشی خۆشی ناکات.
کە مرۆڤ نەتوانێت خۆی قەدەر و ژیان و جیهان و ئازارەکانیشی هەڵبژێرێت، کە مرۆڤ (دایک و باوک)، مێژوویەکی دیار و ئاشکرای نەبێت، خاوەن راستییەک نەبێت، ریشەکانی خۆی لێ پەنهان بێت، وەک بێسەروشوێنێک، فڕێدراو و بەخشراو، لە کونجی کۆڵانێکی ئەم جیهانە کەوتبێت، چۆن و لەگەڵ کێ ئەزموونی ئەم جیهانە بکات؟!
بە چ عیشقێکەوە، ژیان و جیهان و زیندووبوون بکاتە شۆڕشێک، کە واتایەک بە ماڵ و نیشتمان و جیهان بدات؟ بە چ شۆڕشێک خۆبەندیی خاک و نەتەوە و ئەسڵی خۆی دەبێت؟ چ شتێک دەتوانێت شوناس و ناسنامەیەکی بداتێ؟ شۆڕشێک کە نەتوانێت (یادەوری)ی مرۆڤێک لەنێو جەرگەی خۆیدا بپارێزێت و نەبێتە (درۆ)یەک چی پێ دەکرێت؟ کە شۆڕشێک نەتوانێت رێگر بێت لەوەی (دایک)ێک، پارچەیەک لە جەستەی خۆی ببڕێتەوە و لەسەر رێگەیەکدا بیدات بە یەکەمین رێبوار؟ شۆڕشێک کە نەتوانێت عیشقێک لە دلڕەقیی ژیان بپارێزێت، کە نەتوانێت عاشقەکان لە بڕیاری قورس و هەلاهەلابوون رزگار بکات، چی پێدەکرێت؟

(٦)
موزیک
لەم رۆمانەدا، شۆڕش هیچی پێناکرێت، ئەوەی دەستەڵاتێکی جوان و چاکی هەبێت، ئەوەی توانا و هێزێک بەبەر مرۆڤدا بکاتەوە، ئەوەی ئاهێک بەبەر ئەم بوونەدا دەکاتەوە، هونەرە.
هونەریی موزیک تەنیا زانین و ژەنینی ئاوازەکان نییە، بەڵکوو دەبێتە دۆزینەوەی جیهانێک، جیهانی خەونبینین و ژیانێکی تازە، بوونە هاووڵاتیی هەسارەیەکی نوێ، لەدایکبوونێکی راستەقینە، بوون بە دایک و بە منداڵ و موزیکژەن و هونەرمەند و داهێنەر، دۆزینەوەی نیشتمانێکی نوێ بۆ مرۆڤێکی بێ رەگوڕیشە، کە دەتوانێت کەسێک بە ئەقڵ و روحەوە هەڵبژێرێت. وەک نزا دەڵێت: (موزیک وەک عەشق وایە، تووشی دەبین و لێی چاک نابینەوە). گەڕانەوە بۆ موزیک بە هەموو دەرکەوتەکانییەوە، چ لە ئامێری (چەلۆ) بێت، یا جریوەی چۆلەکەکان، دەنگی ئاژەڵ و رەشەبا و باران و کەوتنەخوارەوەی شاخە سەهۆڵییەکان و توانەوەی بەفر و زۆر شتی دەوروبەرمان، دەبێتە تەواوی ژیان.
ئەو هێزەی رۆماننووس دەیداتە هونەر و بەتایبەتی موزیک، تاکە هێزە لەبەرابەر ئەو (هیچیی- عەدەم)ەی ژیان و جیهانی گەمارۆ داوە. نیتشەییانە هێزی مۆزیک بەم هەستە دادەنێت کە دەتوانێت دۆخێک دروست بکات تێیدا مرۆڤ هەست بە خود و جیهان بکات. ئەزموونی موزیک، ئەزموونی مرۆییە لەنێو جیهاندا، تەنیا ئەزموونی کەسێک نییە، بەڵکوو ئەزموونی گشتە لەنێو جیهاندا پێکەوە، بۆیە موزیک مرۆڤ لە هەستی تەنیایی و ئازارمان کەم دەکاتەوە، بە شێوازێک وا دەکات باڵا بکەین و بگەینە سەرووی ئازارەکانی مرۆییمان.

(٧)
ئەم رۆمانە، رۆمانێکی خەمناک و خەمبارە، بەڵام خەمێک کە دەمانباتەوە نێو ئەو مرۆڤە هەقانییەی لەنێو جەستەی ئێمەدا، یان بێدەنگ کراوە، یان گێژ بووە و ئاگای لەخۆی نییە، یان مەستی ئەو جیهانەیە کە دوای ئازادی و دروشمەکانی راپەڕین دای بە ماددەی جیهانی نوێی پارە و دەستەڵات و زاڵبووندا. ئەو مرۆڤەی کە ئەگەر بە پێداگیرییەوە باسی بکەیەن، ئەوا جیهانی دەرەوە و شۆڕشی دوێنێ و زاڵبوونی ئەمڕۆ تاوانی (زۆڵبوون)مان دەداتێ. ئەو دەنگەی پێمان دەڵێت (تۆ زۆڵیت، زۆڵ) دەنگی ئەو ماشێنە گەورەیەی شۆڕشە، کە لەنێو زاڵبوون و دەلالەتە ئەخلاقییەکانی جیهانێکی مەست لەنێو هێزدا، توایەوە.

(٨)
کۆمەڵێ کارئەکتەر و کەسایەتیی نێو ئەم رۆمانە، پەردە لەسەر چەندین لایەنی نادیاری شۆڕش و دەزگەیەکی داپڵۆسێنەر و مرۆڤگەلێکی قوربانی و جەلاد هەڵدەدەنەوە، هەر پەردە هەڵدانەوەیەک، پەردەیەکی ترە! بۆیە خوێنەر دەتوانێت لەگەڵ کارئەکتەر و رووداوەکان، چەندین پنتی جیاواز درک پێ بکات و لەگەڵ خوێندنەوەیدا هەست بە وردەکاریی ئازار و ئێش و ئەشکەنچەکانی کۆمەڵێ مرۆڤ بکات.
دەستخۆشی بۆ نووسەر (ڤینۆس فایەق) کە رۆمانەکەی، منی لەنێو خەمێکی قووڵدا گیر کرد، بەڵام لە جوانی و هونەری گێڕانەوەکەیدا دڵخۆشی کردم... ئەم رۆمانەشمان لێ پیرۆز بێت.