هۆشداری لە تێكچوونی ئاسایشی بەغدا دەدرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هۆشداری لە تێكچوونی ئاسایشی بەغدا دەدرێت

ڕێژەی تاوان و كوشتن ڕوو لە هەڵكشانە


ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا هۆشداری دەدات لە تێكچوون و شڵەژانی ئاسایشی شارەكە، بە تایبەتییش كە ماوەیەكە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژەی تاوانی كوشتن و تیرۆركردنی چالاكوانان و هاووڵاتییان لە شارەكەدا بەرزتر دەبێتەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە سەعد مەتڵەبی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بە (باسنیوز)ی راگەیاند هەڵكشانی ڕێژەی تاوانی ڕێكخراو لە بەغدا، وەكو تاوانەكانی كوشتن و دزیكردن زەنگێكی مەترسیدارە و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی لەدەست دەرچوونی دۆخی ئاسایش و سەقامگیریی شارەكە، بە تایبەتییش كە هیچ ڕێگرییەكی ڕاستینە لەبەردەم دووبارەبوونەوەی تاوانەكاندا نییە.


مەتڵەبی هەروەها پێداگری لەسەر پێویستی گرنگیدانی حكوومەت كرد بە دۆخی ئاسایشی بەغدا، داوای كرد لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی ئاسایشی تایبەت پێكبێت بۆ ئاشكراكردنی ئەو مافیایانەی لە پشت زنجیرە تاوانە ڕێكخراوەكانی بەغداوەن.


ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا دەشڵێ "ناشێ لە شارێكدا لەگەڵ ئەو مافیایانەدا بژین و سەقامگیری بە چاوی خۆمان ببینین، بە تایبەتی كە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژەی تاوانكارییەكان بەرزتر دەبنەوە و هەموو ناوچەكانی بەغداش دەگرنەوە".


جێی باسە دوێنێ سێشەممە خێزانێكی كورد لە گەڕەكی مەنسووڕی بەغدا، كە لە سێ ئەندام پێك هاتبوون، كچی ماڵەكە پزیشكێكی دەرمانساز بوو، بە شێوەیەكی دڕندانە دەستدرێژییان كرایە سەر و كوژران.