سەرۆکی ئینستیتیوتێكی ئەمریکی - کوردی: پێشمەرگە تاکە هێزی عێراقە ئەمریکا و هاوپەیمانان پشتی پێ دەبەستن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەرۆکی ئینستیتیوتێكی ئەمریکی - کوردی: پێشمەرگە تاکە هێزی عێراقە ئەمریکا و هاوپەیمانان پشتی پێ دەبەستن

سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوەی ئەمریکی - کوردی ڕای گەیاند، ئەم پڕچەککردنەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵگەی گرنگی پێگەی سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە لەڕووی جیۆپۆڵەتیک و ئەمن و ئاسایش و سەربازەییەوە و ئاماژە بەوەش دەدات، لە ئەگەری کەمبوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەمریکا وەکوو هاوپەیمانێک پشت بە پێشمەرگە دەبەستێت.

کارۆخ خۆشناو، سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوەی ئەمریکی- کوردی، لەبارەی هاوکارییە سەربازییەکی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دوای سەرهەڵدانی داعش لە حوزەیرانی 2014 و هەرەسهێنانی سوپای عێڕاق لە مووسڵ، پێشمەرگە بووە فریادڕەس و توانی داعش تێک بشکێنێت، کە ئەم بەرگری و قارەمانیەتییەی پێشمەرگە فاکتەرێکی گرنگ بوو، کە بووە هۆی سەرنجڕاکێشانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، لەو کاتەوە ئەمریکا پلانی هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە خستە بەرنامەی کارییەوە، ئەویش لەڕێگای ئەنجامدانی ڕیفۆرمێکی ڕیشەیی لە هێزی پێشمەرگەدا".

 گوتیشی: "ئەم پرۆسەیە لەڕێگای ئەمریکا و هاوپەیمانانەوە بەرنامەڕێژیی بۆ کراوە و چەند ساڵێکە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەویش لەڕێگای میکانیزمی ڕاهێنان و ڕێکخستن و یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا تاکوو ئێستا دوو لیوای پێشمەرگە ڕێک خراونەتەوە، ئەم هاوکارییە سەربازییەی ئەمریکاش (بە بڕی ۲٥۰ ملیۆن دولار) لە چوارچێوەی پڕۆسەی ڕیفۆرمی هێزی پێشمەرگەدایە، بە مەبەستی ئامادەکردنی هێزی پێشمەرگە وەکوو هێزێکی پڕۆفیشناڵ و ڕاهێنراو".

کارۆخ خۆشناو، ئاماژەی بەوەش دا: "مەبەست لەو هاوکارییانە پارێزگاریکردنی پێشمەرگەیە لە سەقامگیریی هەرێمی کوردستانەوە بگرە تاکوو ڕووبەڕووبونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر بەگشتی و داعش بەتایبەتی، لە ئەگەری کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا، وەکوو دۆناڵد ترەمپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان ئاماژەی پێ کردووە، پێشمەرگە دەبێتە هێزێک کە ئەمریکا پشتی پێ دەبەستێک وەکوو هاوپەیمانێک".

سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوەی ئەمریکی- کوردی راشی گەیاند: "ئەم پڕچەککردنەی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن ئەمریکاوە، بەڵگەی گرنگیی پێگەی سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە لەڕووی جیۆپۆڵەتیک و ئەمن و ئاسایش و سەربازەییەوە کە کورد و هێزی پێشمەرگە تاکە هێزە لەناو عێراقدا کە ئەمریکا و هاوپەیمانان گرەوی لەسەر دەکەن و پشتی پێ دەبەستن".