حكوومەتی پلیشاندنەوەی ناوچەگەرێتی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

حكوومەتی پلیشاندنەوەی ناوچەگەرێتی


ئەم حكوومەتەی ئێستا بە سەرۆكی حكوومەت و پلان و بەرنامەی كارەكەشیەوە، ھەر ھەمووی متمانەی ئەو حزبانەی پێكھێنەری حكوومەت و پەرلەمانی كوردستانیشی بەدەست ھێناوە، سەرۆكی حكوومەت و پلان و بەرنامەی حكوومەتیش بۆ ھەموو ھەرێمی كوردستان بووە، ئەگەر ئەو حزبانەی پێكھێنەری حكوومەت لە سەرەتاوە بیانزانیایە پلان و بەرنامەی كاری حكوومەت بۆ یەك شار، یان بۆ یەك ناوچەی دیاریكراوی ھەرێمی كوردستانە، متمانەیان پێ نەدەدا، خۆ ھەتا ئێستاش ھەمان ئەو حزبانە ئەگەر بە بەڵگەی ببڕای ببڕ بۆیان بسەلمێنرایە سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و پلان و بەرنامەی كاری حكوومەت تەنھا بۆ یەك شار یان ناوچەیەكی دیاریكراوە، ئەو كاتە دەھاتن بەشێوە ئسوڵی و یاساییەكەی داوای لێسەندنەوەی متمانەیان دەكرد، بەڵام ئەوەی ھەتا ئێستا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئەم حكوومەتە كردوویەتی، نەك ھەر شارچێتی و ناوچەگەریتیی پێوە دیار نیە، بەڵكوو بە ئیشەكانی خۆی لەسەر زەمینی واقیع، شارچێتی و ناوچەگەرێتیی پلیشاندووەتەوە. تۆ وەرە سەیر كە، لە ماوەی ساڵێك و تۆزێكدا، پرۆژە لە سلێمانی ھەیە، لە گەرمیان ھەیە، لە ھەڵەبجە ھەیە، لە ھەولێر ھەیە، لە دھۆك ھەیە، لە سۆران و چۆمان و حاجی ئۆمەران ھەیە، لە ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بە ھەمان شێوە لە گەرمیانەوە ھەتا دھۆك، ئەوەی پێی كرابێت ئەم حكوومەتە كردوویەتی سەرەڕای ئەمانەش دوو بەڵگەی زۆر گرنگ ھەن كە دەیسەلمێنن ئەم حكوومەتە ھەتا ئێستا مەیلی شارچێتی و ناوچەگەرێتیی پلیشاندووەتەوە، ئەوانیش بریتین لە:

1- ئەو پرۆژەی لامەركەزیەی كە بە شێوەیەك داڕێژرابوو بە شێوەیەك بانگەشەی بۆ دەكرا كە جۆرێك لە جیابوونەوەی پارێزگاكانی ھەرێمی پێوە دیار بوو، ھیچ كڕیارێكی لەناو خەڵكدا نیە، خەڵك دەڵێم، چالاكوان و چالاكی بێچووی ھەچەكە و فەیسبووكەوان و كادری سیاسیی شاگرد و دەڵاڵ ناڵێم.

2- پرۆژەی بەھەرێمكردنی سلێمانی كە لەلایەن دوو سێ كەسی ئابڵاخیەوە داڕێژرابوو، ھەر ئەو ڕۆژە مردار بوەوە كە ڕاگەیەنرا، ئەمیشیان نەیتوانی ھیچ كڕیارێك لەناو خەڵكدا بۆ خۆی پەیدا بكات، واتە نەفرۆشرا، ئەزانن بۆچی؟ ئێوە واز لە لایەنە دەستووری و یاساییەكانیش بھێنن، بەڵام ئەوە لەبەر ئەوەیە كە ئەم حكوومەتە و سەرۆكی ئەم حكوومەتە، كار و پرۆژەكانیان بە شێوەیەكی وەھا بەسەر پارێزگا و شار و ناوچە جیاجیاكانی ھەرێمی كوردستاندا داڕشتووە و دابەش كردووە كە وەك بلدۆزەری قیركوتانەوە، نوزەی شارچێتی و ناوچەگەرێتی دەپلیشێنێت و دەكوتێتەوە و دەیخنكێنێت. جا ئەوەشی دەیەوێت لەم ڕاستیە دڵنیا بێت، با بچێت سەیری پرۆژەكانی حكوومەت بكات لە ماوەی ئەم ساڵ و تۆزەدا، وێڕای قەیرانی كۆرۆنا و لێكەوتە ئابوورییە سەختەكانی، بۆیە ناوی پرۆژەكان و جۆر و تێچووی ئەو پرۆژانە ناھێنم چونكە ئەو پرۆژانە لەسەر ئەرز ھەن و دەبینرێن، مەگەر یەكێك لەبەر ھەر ھۆیەك بێت دەست بە چاویەوە بگرێت!