كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
شێرزاد حەسەن 16/09/2020

لە ستایشی دایکانی زەبووندا

لەنێوان میهر و دڵڕەقیدا

هەڵقەی 30

یادەوەریی من دەمباتەوە ئەو رۆژگارەی، کە ئیدی دایکم زۆرتر پەرۆش دەبێت، کە ببمە مەکتەبلی. باوکم هەرگیز بۆی گرنگ نەبوو بخوێنم، لە سۆنگەی ئەوەی، کە پیشەگەری ئیش و کاری پیاوانەیە؛ نموونەی فیتەر و دارتاش و ئاسنگەری، زۆر کەیفی بە ئەفەندی و پانتۆڵ لەبەر نەدەهات. کەچی دایکم دە بارەی دەکردەوە. کە ناکرێت من و منداڵەکانی دیکەی وەک خۆی و بابم (زەین کۆر) بن، کە دەکا (زەین کوێر) یان نەخوێندەوار. دایکە بەوە ناوەستێت و لە شەشی سەرەتایی پەلم دەگرێت و دەمباتە مزگەوتێکی نزیک ماڵی خۆمان و دەخوازێت، کە (مەلا)ی مزگەوتەکە بە بڕی پێنج دیناری سویسری سەرلەبەری (قورئان) بە من خەتم بکات. هەر واش بوو، ئەوەش کۆمەکی کردم زوو فێری زمانی عەرەبی بم و بگرە پێی بخوێنمەوە. دیارە لە قۆناغی سەرەتاییەوە بۆ ناوەندی و دواتریش ئامادەیی، ژمارەیەک وانە هەبوون، کە من و هاوپۆلەکانم ناحەز بووین بە هەندێکیان و هەندێکیانمان پێ پەسند بوون، کە من بۆ خۆم دووانیانم لەو بابەتانەی، کە مەرج بوو بیانخوێنین، حەزم پێیان دەکرد: جوگرافیا و مێژوو بوون، چونکە یەکەمین جارم بوو بزانم، کە ژیانی مرۆڤ لەو جوگرافیا بەرتەنگەی تیایدا دەژین بەربەرینترە و رابردوویەکیش هەیە، کە ملیۆنان ساڵی تێپەڕاندووە و من هیچی لێ نازانم، تاوەکوو ئێستاش من ئەو حەزە کونجکۆڵەم ماوە بۆ قووڵبوونەوە لەو دوو بابەتە، بەتایبەتی مێژووی کۆن و تازە.

لە قۆناغی سەرەتاییدا پتر مێژووی ئیسلامی زاڵ بوو، کە پانتاییەکی زۆریشی (فتوحات و غەزەوات) داگیری کردبوو، لەپاڵ چۆنیەتیی سەرهەڵدانی ئیسلام و رووداو و وێستگە سەرەکییەکانی، بەڵام هەرگیز شتێک لە مێژووی خۆمانم لە هیچ وانەیەکدا نەدەبیست. لە قۆناغی ناوەندیدا بەر مێژووی عێراق و ئاسیا کەوتین، کە دیسانەوە کوردستان وەک جوگرافیایەکی جیاواز لە بەرنامەی خوێندندا نەبوو. لە ئامادەییدا ئاشنا بووین بە چەند وێستگەیەکی سەرەکی لە مێژووی ئەورووپا، کە پتر هانی دام بەدەر لەو کتێبەی ناوئاخنی رشتەی خوێندنەکەمان بوو، من بەدوای سەرچاوەی دیکەدا گەڕام، پتریش هۆکاری ئەو مەراقە تازەیەم لەوەوە سەری هەڵدا، کە ئێمە (ئەورووپا)مان لە هەمووی رووێکەوە بە مەڵبەندی شارستانی و پێشکەوتن دادەنا، بەڵام بۆ من ئەوەیان جێگەی پرسیار و گومان بوو، کە بۆچی لە سەدەی بیستەمدا ئەورووپا دوو جەنگی جیهانگیریی بەرپا کردووە، کە خوێناوی و کاولکاریی سەرتاپای ئەو جوگرافیایەی گرتبووەوە، سەرباری شەڕی مەزهەبگەرایی، کە چەندین سەدەی خایاندووە؟

هەمان مەراق و خولیام هەبوو بۆ گەڕان بەدوای مێژووی سەرهەڵدانی ئیسلام، زیاتریش ئەو بەشە بۆ من گرنگ بوو، کە باسی لە (فتوحات) دەکرد، کە دوو نیگای دژ بە یەکتریمان دەبیست، بەتایبەتی لە قۆناغی ئامادەیی و هەم زانکۆیی، گەرچی من لە بەشی زمان و ئەدەبیاتی ئینگلیزی/ بەغدا وەرگیرابووم، بەڵام لە ساڵی یەکەم و دووەمدا کورتەیەکمان لە (مێژووی ئیسلام)، دەخوێند کە دکتۆر (حوسێن قاسم ئەلعەزیز) پێی دەگوتینەوە. من ئەوسا و ئێستاش ئەو پرسیارەم هەبوو، کە بۆچی لە قۆناغی سەرەتاییەوە تا قۆناغی زانکۆیی، سەدبارەکردنەوەی ئەو مێژووە چی لە منێکی کوردستانی، لە باری فیکری و مەعریفییەوە زیاد دەکات، کە بە هەزاران مزگەوتیش لەسەر زاری مەلاکان، هەزار بارەیان کردووەتەوە؟ هەڵبەتە دایکان و باوکانی موسڵمان، هەمان مێژوو دەکەن بە سفرە و خوانی رازاوە بۆ کچەکان و کوڕەکانیان. لەکاتێکدا سەبارەت بە مێژووی کوردگەل هیچ وانەیەک لە پرۆگرامی خوێندندا نییە!

سەبارەت بە فتووحات و غەزەواتی ئیسلامی، دوو روانینی دژ بە یەکتری لەوەدا بەرجەستە بووبوو، کە بەرەی چەپگەرای رادیکال، کە بە مارکسی و لیبراڵ و کۆمیۆنیست و سێکیولار- عەلمانی و شیوعی ناسرابوون، خودی (فتووحات)ی ئیسلامیان بە داگیرکاری وڵاتان دەزانی. یەکێک لەوانەی منی هان دا پتر بیخوێنمەوە، خودی (دکتۆر حوسێن قاسم ئەلعەزیز) بوو، یەکەمین کەسیش بوو تێی گەیاندم، کۆی مێژوو هی نێرینەکانە نەک هی مێیینە، کە منی مەزهەبزەدە و سۆفی ناوپستێر هەمیشە تەڕ هێدمەگرتی بووم و داخورپام، کە سەرلەبەری روانینەکانی منی خستە ژێر گومان و پرسیارەوە، کە تا هەنووکەش بەردەوامە، بەڵام بە هەزاران کەس لە چواردەوری من، لەوساوە تاوەکوو ئێستاکێ، خودی ئەو غەزەوات و فتووحاتانەی بە رزگارکردنی کوردستان و هەر وڵاتێکی دیکە دەزانی، کە جەنگاوەرانی جیهادیست ئاڵای خۆیان تیایدا بەرز کردبێتەوە.

هەڵبەتە دواتر زانیم، کە دکتۆر (حوسێن) مارکسییەکی لیبراڵ بوو، کە ئەو دوو ناسنامەیە ئەوسا دەگمەن بوون، دیارە لەسەر ئەم قسانە سزا درا و لە کۆلێژی ئاداب و زمانەکان دەرکرا، بەڵام خودی ئەو سزایە وای کرد، کۆی بەرهەمەکانی بخوێنمەوە، کە بە هەق ئەم یەکەمین کەس بوو، کە وای کرد تا هەنووکە بگەڕێم و بخوێنمەوە و مێژوو بپشکنم، پتر تێگەیشتم، کە ئەو راستی کردووە، کە مێژووی مرۆڤایەتی قۆرغکراو و داگیرکراوی پاتریارکەکانە، کە هەژموون و خۆزاڵکردنی نێرینەی بەسەروەرەیە!

هەڵبەتە شکۆمەندییەکە بۆ دایکم دەگەڕێتەوە، کە من هێشتا لە تافی لاویدا بووم، بەرلەوەی بگەمە زانکۆ؛ دەمتوانی کتێبی (رەحمانی) و هەم هی (شەیتانی) بخوێنمەوە، کە ئەوەش وای کرد عەقڵێکی رەخنەگرانەم لە لا دروست بێت، کە تا هەنووکەش بەردەوامە، واتا هیچ شتێک نییە لەم گەردوونەدا، کە جێگەی پرسیار و گومان و وەرگرتن و هەم رەتکردنەوە و هەڵوەشاندنەوە نەبێت!

ئەم راز و نیازەی سەرەوە پەیوەستە بەوەی، کە ئەمن بەو کاڵفامییەی خۆمەوە، گەیشتمە ئەو بڕوایەی، هیچ رێزێکم بۆ مێژوویەک نییە، کە هی باوکە ئەبەدییەکانە، کە لەناو کایەکانی رامیاری و مەزهەبزەدەیی و سەرمایەگوزاریدا بە تەنیا خۆیان بڕیاردەرن، ئەو بەشە خوێناوی و کاولکاری و بۆگەنبوونی (هەوا) و (ئاو) و (خاک) دەستکردی رۆحی شەڕانگێز و خۆپەرستیی پاتریارکەکانە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک دەستی دایکەکانی تێدا نییە، گەر وا بووبێت، من حەز دەکەم یەکێک لە بیرمەندەکانی کوردگەل گەر هەمانە، بە منی بسەلمێنێت، کە وا نییە، تاوەکوو من پەشیماننامەیەک بنووسم و پەپلیک بڵاوی بکەمەوە و هەمووان، یان کەسانی پەیوەندیدار لە منەوە بیزانن، بە هەق من شەرمم بەخۆمە، کە لە توخمی مەردمگەلم و هەم لە رەگەزی نێرینەم!

ناکرێت و مەحاڵە ئەم گیاندارە زیانبەخش و بەدکارە، خەلیفە و جێگری خودا بێت!

ئەم پاژەیان لە پرۆژەکەم قسەیەکە سەبارەت بە دڵڕەقی و هەم میهرەبانی، کەواتە ئەوەشیان رەنگدانەوە و کاردانەوەی لەسەر خودی کۆی تۆمار و نووسینەکەم دەبێت. ئەم بابەتە ناسنامە و ژانرەکەی هەر ناوێکی هەبێت، ئەوەی بۆ من گرنگە، کە زاتی و خودگەراییە و دایکم بە دیارمەوە دانیشتووە، کە یەکێک بوو لەو ملیۆنان ژنانەی، کە بەدرێژایی مێژوو چەوساوە و ستەمدیدە بوون. رۆحی دایکم گڕم دەدات و هانم دەدات، کە بڕوای بەوە هەبوو، هەموومان گوناهبارین، لە هەمان کاتدا ئەو ژنە دەشتەکییە بڕوای بەوە هەبوو، کە (مەڕ) بە پێی خۆی بە قەنارەوە هەڵدەواسرێت و (بزن)یش بە پێی خۆی، هەر کەسە و دەچێتە ناو گۆڕەکەی خۆیەوە، بە واتا، وەک ژنێکی خوداناس بڕوای بەوە هەبوو، کە ئێمە نازانین کێ گوناهبارە و کامەیان پاکزادە، دایکم بڕوای بەوە هەبوو، کە یەک (دادگای باڵا) هەیە لە ئاسمان، کە یەزدان خۆی (دادوەری گشتییە) و هیچ کەس هەقی ئەوەی نییە بە ناوی خوداوە دۆزەخ و بەهەشت بۆ خەڵکی چێ بکات.

گەر ئاییندارانی ئەمڕۆکە، بەتایبەتی ئەوانەی شێت و شەیدای دەستەڵاتن، وەک دایکی من بیریان بکردایەتەوە، بڕوا دەکەم ئەو خوێنبارانە، ئەو هەموو کوشتارگایانەیان دانەدەمەزراند.

ئەفسووس، کە سەردەمی ئەو دین و ئیمانەی دایکم گوزەشت، هەنووکە گوتارێک زاڵترە، کە هەر کەس و گرووپ و لایەنێک و حزبێک و مەزهەبێک و ئایینزایەک، خۆی بە داوەر و دادوەری گشتی و هەم جێگری خودا دەزانێت، کە گوایە خودا لە چنگی کافران و بێ بڕوایان رزگار دەکەن، کە وا راستترە، خودی خودا لە چنگی ئەوانە رزگار بکرێت، کە بێئاگا بن یان ئاگادار؛ خۆیان بە خودا دەزانن!