ژنە بەندکراوێکی کورد دوای ١٦ ڕۆژ مانگرتن بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ژنە بەندکراوێکی کورد دوای ١٦ ڕۆژ مانگرتن بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە

موژگان کاووسی، ژنە بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە گرتووخانەی ئێڤینی تاران ماوەی ١٦ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە، بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستیی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی گرتووخانە گوازرایەوە.

 بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، موژگان کاووسی ژنە بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی "کەلاردەشت" کە ماوەی حوکمەکەی لە گرتووخانەی ئێڤینی تاران تێپەڕ دەکات، دوای ١٦ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن، بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی و بە مەبەستی نەشتەرگەری، بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانیی تاران گوازرایەوە.

بەپێی هەمان سەرچاوە ئەو ژنە توێژەرە کوردە نەخۆشی ئەندامی کۆهەرەسی هەیە و بەرپرسانی گرتووخانە ئیزنیان نەدەدا لە نەخۆشخانەکانی دەرەوەی گرتووخانە نەشتەرگەریی بۆ بکرێت و دواجار ئەمڕۆ ئیزنیان داوە کە بیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی و نەشتەرگەری بۆ بکرێت.

ئێستا باری تەندروستیی موژگان کاووسی بەهۆی ئەو ١٦ ڕۆژ مانگرتنە ناجێگیر بووە و بەرپرسانی گرتووخانەش گوێیان بە داواکاریی پارێزەر و بنەماڵەکەی نەداوە. موژگان کاووسی ڕای گەیاندووە کە بە زوویی کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی دێنێت.

 ئەو بەندکراوە کوردە ڕێکەوتی ١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٠وە لەبەر ئەوەی لە مافی مۆڵەت (مرەخەسی)یان پێ نەداوە، هاوکات بە نیشانەی ناڕەزایی بە بوونی هەڵاواردنی ڕەگەزی بۆ پێوەندی و چاوپێکەوتنی بەندکراوکان لەگەڵ بنەماڵەکانیان، مانی لە خواردن گرتووە و وەک باس دەکرێت بەندکراوە پیاوەکان زیاتر دەتوانن پەیوەندی بە بنەماڵەکانیانەوە بکەن.

 موژگان کاووسی، نووسەر، توێژەر و چالاکوانی کولتووری ڕێکەوتی ١٨یی نۆڤەمبەری ٢٠١٩ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەوشەهر سەر بە پارێزگای مازەندەران دستگیر و پاش مانگێک بە دانانی بارمتەی١٠٠ ملیۆن تمەن ئازاد کرابوو.

زستانی ساڵی ڕابردوو دانیشتنی دادگای پێداچوونەوەی موژگان کاووسی بەڕێوە چووە و حوکمی بەندکرانی ناوبراو بۆ ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران زیاد کرا، ناوبراو مانگی سەرماوەز لەلایەن دادگای بەرایی شاری نۆشەهرەوە بە ٦٩ مانگ بەندکران حوکم درابوو.

موژگان کاووسی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حزبێکی کوردیی دژبەری ئیران بە ٣٣ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی "هاندانی خەڵک بۆ نانەوەی پشێوی و تێکدانی ئاسایشی گشتی" بە ٣٦ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژ بە ئێران" حوکمی ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. بەپێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، لەو سێ حوکمە زۆرترینەکەیان واتە حوکمی سێ ساڵ بەندکران جێبەجێ دەکرێت.

موژگان کاووسی ڕێکەوتی ١٩ی مەی ٢٠٢٠ دەستگیر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی گرتووخانەی شاری نۆشەهر کرا و دواتر گوزرایەوە بۆ زیندنی ئیڤینی تاران.