گرنگترین بەندەکانی رێککەوتننامەی ئاشتیی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

گرنگترین بەندەکانی رێککەوتننامەی ئاشتیی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل

ناوەڕۆکی رێککەوتننامەی ئاشتیی نێوان ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو و ئیسرائیل بڵاو دەکرێتەوە.

رۆژی سێشەممە 15-9-2020 بە کاتی واشنتن (شەوی سێشەممە بە کاتی هەولێر)، بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و عەبدوڵڵا بن زاید، وەزیری دەرەوەی ئیمارات، بە چاودێریی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، (رێککەوتنی ئاشتی)یان واژۆ کرد.

ماڵپەڕی (سکای نیوز) ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەی بڵاو کردووەتەوە، کە سەقامگیرکردنی ئاشتی لە ناوچەکە، گرنگترین بەندەکانیەتی.

بەپێی بەندەکانی رێککەوتننامەکە، هەر دوو وڵات هیوادارن دیدگایەک دروست ببێ، کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەقامگیری و ئاشتی و پێشکەوتندا  بژی، بەجۆرێک، کە هەموو وڵات و گەلانی ناوچەکە لێی سوودمەند بن.

لە ناوەڕۆکی رێککەوتننامەکەدا هاتووە، هەردوو وڵات هیواخوازن، کە پەیوەندییەکی دیپلۆماسی و رێزگرتن لەنێوانیان دروست بێ، هەوڵیش دەدەن هاریکاریی یەکتر بن و  پەیوەندییەکانیان بەتەواوی سروشتی و ئاسایی بێ.

هەر لە رێککەوتنەکەدا، ئیمارات و ئیسرائیل جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە تەنیا هەماهەنگی و هاریکاریی وڵاتانی ناوچەکە، دەتوانێ چارەسەری ململانێکان بکات و شەڕ هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی نابێت.

ئیمارات و ئیسرائیل بەڵێنیان داوە هەوڵ بدەن گفتوگۆی نێوان ئایین و کولتوورە جیاوازەکان بەهێز بکەن، بەمەبەستی دەستەبەرکردنی رۆشنبیریی ئاشتی لەنێوان هەر سێ ئایینەکە (ئیسلام، مەسیحی و جوو) و مرۆڤایەتی بە گشتی.

رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی بیری توندڕەوی و تیرۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خاڵێکی دیکەی رێککەوتنی ئیمارات و ئیسرائیلە.