پەرلەمانتارێكی پارتی بۆ نەوەی نوێ: ئیدارەی پڕۆژەیەكی گەشتیاریتان پێنادرێ چۆن باسی حكوومەت دەكەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پەرلەمانتارێكی پارتی بۆ نەوەی نوێ: ئیدارەی پڕۆژەیەكی گەشتیاریتان پێنادرێ چۆن باسی حكوومەت دەكەن

”ئەگەر لە خەمی خەڵكدان بە شاسوار عەبدولواحید بڵێن پارەی خاوەن پشكەكان بگەڕێنێتەوە“

ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، وەڵامی پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ دەداتەوە و وەبیری دێنێتەوە كە حزبەكەی ئیدارەی پڕۆژەیەكی گەشتیاری لە سلێمانی پێ نادرێت، ”چۆن باسی حكوومەت و ئیدارەدانی دەوڵەت دەكەن؟“.

كاوە عەبدولقادر، ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان، بە خۆنەبانكردن لەو هەموو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە شار و شارۆچكەكان ئەنجامی دەدات، هێرشی كردۆتە سەر حكوومەت.

لە بەرامبەردا سەعید هەركی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ماوەی دوو ساڵە پەرلەمانی كوردستان كەوتۆتە كار، تائێستا نەوەی نوێ ”نەیتوانیوە پڕۆژەیەك پێشكەشی پەرلەمان بكات تاوەكوو بڵێین لەم ڕێگەیەوە خزمەتێكیان بە خەڵك كردووە، ئەوەی كردوویانە هەر هاتوهاوار بووە بۆ موزایەدەكردن و بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی قسە بێ بنەماكانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان“.

پەرلەمانتارەكەی پارتی پرسیاری ئەوە لە پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ دەكات كە ئاخۆ ئەوان چی لە حكوومەتداری و ئیدارەدانی دەوڵەت دەزانن تاوەكوو ڕێنوێنیی خەڵكیتر بكەن كە چۆن كاروباری دەوڵەت ڕایی بكەن؟ گوتیشی: ”ئەگەر لە خەمی خەڵكدان، بۆچی ناچن پارەی كارمەندانی كەناڵی (NRT) بگەڕێننەوە كە هەر ڕۆژەی یەكێكیان سكاڵا لە پێنەدانی مافە داراییەكانی دەكات؟ بۆچی ناچن پارەی خەڵكی فێڵلێكراوی خاوەن پشكی چاڤیلاند لە شاسوار عەبدولواحید داوا بكەنەوە لە كاتێكدا هەر چەند هەفتە جارێك لە سلێمانی خۆپیشاندانێك بۆ داواكردنی ئەم مافە دەكرێت؟“.

سەعید هەركی دووپاتی كردەوە كە نەوەی نوێ و سەرۆكەكەیان ناتوانن ئیدارەی پڕۆژەیەكی گەشتیاری و كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی بدەن، چۆن دەتوانن باسی حكوومەت بكەن؟

جەختیشی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان خاوەن ستراتیژ و پلانێكی سەركەوتووی خۆیەتی و لە ماوەی ڕابردووشدا بەردەوامبوونی حكوومەت لە پێشكەشكردنی پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی و خزمەتگوزاری وێڕای ئەو هەموو قەیرانەی یەك لە دوای یەك هاتنە پێشەوە، دەرخەری ئەوەیە كە حكوومەت سەركەوتوانە ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەدات.