پێشبینی ده‌كرێت باوبۆرانی سالی كاره‌ساتێك له‌ دوای خۆی جێ بهێڵێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پێشبینی ده‌كرێت باوبۆرانی سالی كاره‌ساتێك له‌ دوای خۆی جێ بهێڵێت

داوا له‌ خه‌ڵكی چه‌ند ویلایه‌تێكى ئه‌مریكا ده‌كرێت ناوچه‌ نزمه‌كان چۆڵ بكه‌ن

 

باوبۆرانی سالی به‌ره‌و كه‌ناره‌كانی كه‌نداوی ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌یه‌ و پێشبینی ده‌كرێت بارانێكی زۆر ببارێت و كاره‌ساتێك له‌ دوای خۆی جێ بهێڵێت، ئه‌مه‌ش وای له‌ فه‌رمانڕه‌وایانی چوار ویلایه‌تی ئه‌مریكا كردووه‌، داوا له‌ دانیشتوانی كه‌نار ده‌ریا بكه‌ن ناوچه‌ نزمه‌كان چۆڵ بكه‌ن.

ئاژانسى (سكاى نیوز)ى به‌ریتانى بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، سه‌نته‌ری نیشتمانیی ئه‌مریكی بۆ باوبۆران، گوتوویه‌تی، باوبۆرانی سالیی كه‌ناره‌كانی ئه‌لاباما و فلۆریدا و میسیسیپی ده‌گرێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاوێكی زۆر له‌ ناوچه‌كاندا.

باوبۆرانی سالی، باوبۆرانی هارفیی 2017مان به‌بیر دێنێته‌وه‌، كه‌ بووه‌ هۆی بارانبارینێكی زۆر له‌ ناوچه‌ی هیوستن.

سه‌نته‌رێكى بارانبارینی دیكه‌ پێشبینی ده‌كات له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ به‌ درێژی دوو پێ باران ببارێت، سه‌رباری به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاوێكی زۆر له‌ كه‌نار ده‌ریاكان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16/9/2020 هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ژیان بكات.

هه‌روه‌ها پێشبینی ده‌كرێ كاتژمێر 4ى ئێواره‌ به‌ كاتی گرینتچ خێرایی با بگاته‌ 80 میل له‌ كاتژمێرێكدا، كه‌ ده‌كاته‌ 140 كیلۆمه‌تر له‌ یه‌ك كاتژمێردا.

له‌مباره‌یه‌وه‌ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكى ئه‌مریكا باری له‌ناكاوی له‌ ئه‌لاباما و میسیسیپی و لۆزیانا ڕاگه‌یاندووه‌ تاوه‌كوو له‌ حاڵه‌تی ڕوودانی هه‌ر كاره‌ساتێك هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ یه‌ك بكه‌ن.

به‌درێژایی كه‌ناراوه‌كان، به‌نده‌ره‌كان، قوتابخانه‌كان و كۆمپانیاكان داخراون، پاسه‌وانی كه‌ناراوه‌كانی ئه‌مریكاش له‌ ڕووباری میسیسیپى له‌ نیوئۆرلیانز تاوه‌كوو كه‌نداو كۆتیان خستووه‌ته‌ سه‌ر گه‌شتكردن.