پانۆرامای کابینەی نۆیەم.. ستراتیژیەتێکی دووربین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پانۆرامای کابینەی نۆیەم.. ستراتیژیەتێکی دووربین

 

لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، ڕێزدار مەسرور بارزانی کارنامەیەکی گشتگیری بۆ چارەسەکردنی سەرجەم  سێکتەرەکان ڕاگەیاند، سەرەرای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی و بەربەست و بیانووەکانی ژمارەیەک هێزی سیاسی، ئەمانە هەمووی نەیانتوانی ببن بە لەمپەر بەرامبەر ئیرادە و خواستی سەرۆک وەزیران و ستافەکەی بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی دوورمەودای گرنگ.

لەم گۆشە نیگایەوە دەتوانم بڵێم یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم کابینەیە پەیڕەوكردنی ستراتیژییەتی دووربینییە کە بنەمایەکی گرنگە بۆ گەشەسەندنی ژێرخانی ئابوریی وڵاتان. لەپاڵ ئەمەشدا گەڕاندنەوەی شکۆ و شەفافیەت بۆ دامەزراوەکان، تێکەڵنەکردنی ناکۆکیی حزبی لەگەڵ بریار و ئەرکی دەوڵەتمەداری و پاڵپشتیکردن لە تیمەکەی. ئەمانە و زۆر خاڵی ئەرێنیی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم کابینەیەن. سەرەڕای فشارە سیاسی و ئابووری و ئیقلیمییەکان، ئەم کابینەیە لە ماوەی سێزدە مانگی حوکمڕانیی خۆیدا توانیویەتی مووچەی دوازدە مانگ دابین بکات کە بە لەبەرچاوگرتنی رەوشی ئێستای هەرێم، ئەمەش گرنگە.

وەکو پەرلەمانتارێک و چاودێرێک لەسەر لایەنی جێبەجێکار، ژمارەیەک کار و پرۆژەی گرنگی حکوومەت لە سێکتەرە جیاوازەکان دەخەمە ڕوو کە لە ماوەی دەستبەکاربوونیەوە ئەنجامی داوە.

ئاوەدانكردنەوە  (ڕێگاوبان)

یەکەم/ دانانی بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتری لە سلێمانی کە بە گوژمەی 400 ملیار دینار بۆ ماوەی سێ ساڵ و بە سێ قۆناخ تەواو دەکرێت.

دووەم/ تەواو کردنی قۆناغی دووەمی شەقامی 150 مەتریی هەولێر کە بە گوژمەی 132 ملیۆن دۆلار خراوەتەوە کار، هەوڵدەدرێت لە ماوەکانی ئاێندە تەواو بکرێت.

سێیەم/ دابینکردنی بڕە بودجەیەک بۆ وەگەڕخستنەوەی تەواوکردنی ڕێگای هەولێر- دهۆک تا کۆتایی ئەمساڵ.

چوارەم/ تەواوکردنی 35 پرۆژەی ڕێگاوبان کە پێشتر وەستێنرابوون و بەدەست بەکاربوونی ئەم کابینەیە خراونەتەوە کار بە گوژمەی 29 ملیار دینار، پرۆژەکانیش بەم شێوەیە بووە: (13پرۆژە بۆ هەولێر، 10 پرۆژە بۆ هەڵەبجە، 8 پرۆژە بۆ سلێمانی و 4 پرۆژە بۆ دهۆک)

پێنجەم/ دابینکردنی بڕی 166 ملیار دینار بۆ نۆژنکردنەوەی ڕێگاوبانەکان و درووستکردنی ڕێگەی نوێتر لە نێوان شارەکان و شار و گوندەکانیش لە سەرجەم پارێزگاکانی کوردستان بێ جیاوازی.

سێکتەری کارەبا

لەدوای ڕاپەرینە مەزنەکەوە تا ئێستا، پرسی کارەبا بووەتە گرێ كوێرە و زۆر هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی دراوە، بەڵام نەتوانراوە بە گوێرەی پێویست چارەسەرێکی بنچینەیی بۆ بدۆزرێتەوە. لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا زۆر بە وردی گرنکی بەم سێکتەرە دراوە و ستراتیژییەتێکی تایبەتی بۆ دارێژراوە. باشترین گەواهی زیادبوونی کاتەکانی پێدانی کارەبایە لە ۱٠ کاتژمێرەوە بۆ ۲۱ کاتژمێر لە رۆژێکدا، هۆکاری ئەمەش بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی کارەبایە لە 3000 مێگاواتەوە بۆ 3600 مێگاوات و ئەنجامدانی چەند هەنگاوێکی چاکسازی بووە لەم کەرتەدا، وەک هەڵمەتی نەهێشتنی بە قاچاغبردنی کارەبای گشتی و پرۆژەی پێوەری زیرەک.

گرنگترین پرۆژەکان لەم سێکتەرەدا:

یەکەم/ کردنەوەی کارەبای هەڵمی خەبات كە 3000 مێگاواتە بە تێچووی 564 ملیۆن دۆلار کە ئەمە ڕێژەی 10%ی بەرهەم هێنانی کارەبا بەرز دەکاتەوە.

دووەم/ لەڕۆژی 30.6.2020، دانانی بەردی بناغەی بەستنەوەی وێستگەی کەسنەزان بە هێڵی 32 کەیڤی لە لایەن سەرۆک وەزیرانەوە کە ماوەیەکی کەمی ماوە بۆ تەواوبوونی پرۆژەکە.

سێیەم/ دانانی پێوەری زیرەک بۆ ماڵان کە هۆکارێک دەبێت بۆ رێگریکردن لە بەهەدەردانی وزەی کارەبا و نەهێشتنی راکێشانی کارەبا بە رێگەی نایاسایی (کارەبای قاچاغ).

چوارەم/ بە بەهای زیاتر لە 3 ملیار دینار پرۆژەی ڕاکێشانی کێبلی ئازادیی نوێ ئەنجامدراوە لەگەڵ کۆمپانیایەک، ئەمەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای ئەو گەڕەکانەی کە دەکەونە سەر وێستگەی ئازادیی کۆن.

پێنجەم/ پرۆژەی وێستگەی دۆمیز کە بڕیارە لە مانگی 12ی ئەمساڵ کۆتایی بێت و بکەوێتە کار کە هاوکاریەکی گرنک دەبێت بۆ زیادبوونی کارەبای دهۆک.

حەوتە/ حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە نۆژنکردنەوەی وێستگە و بەنداوەکان و گۆڕینی محاویلەکاندایە تا هیج زیانێک لەسەر کەمکردنەوەی نرخی کارەبا نەبێت.

هەشتەم/ حکوومەتی هەرێم پلانێکی گرنکی داناوە بۆ ئەوەی لە رێگەی وزەی هەتاوەوە کارەبا بەرهەم بهێنێت (سۆلەر سیستەم)، بۆ ئەمەش دەیەوێت 75 مێگاوات کارەبا لە شارەکانی هەولێر و دهۆک و گەرمیان بەرهەم بهێنێت، هەر شارەی 25 مێگاواتی بەردەکەوێت، لە سەرکەوتنی ئەم پلانە، قۆناغ بە قۆناغ کار لەسەر بەرهەم هێنانی کارەبای زیاتر بەم سیستەمە دەکرێت کە دۆستی ژینگەیە.

سێکتەری کشتوکاڵ

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام جەخت لەسەر ستراتیژییەتی فرەچەشنەکردنی سەرچاوەکانی داهات دەکاتەوە، کە لە پاڵ نەوت، پێویستە گرنگی بە سامانە سروشتییەکانی دیکەش بدەین بۆ زیادکردنی داهات. لەپێناو ئەمەش حکوومەتی هەرێمی كوردستان چەندین هەنگاوی گرنگی ناوە:

یەکەم/ لە ڕۆژی 11.8.2020 بڕیاری دروستکردنی سێ کارگەی گەورە درا لە  سلێمانی و هەولێر و دهۆک، کە لە رێگەی ئەم کارگە پیشەسازییانەوە دەتوانرێت بڕی 500 هەزار تەن گەنم لە جوتیاران وەربگیرێت (200 هەزار تەن لە هەولێر، 150 هەزار تەن لە سلێمانی و 150 هەزار تەن لە دهۆک).

ئەم پرۆژەیە چەندین سوودی هەیە، لەپاڵ ئەوەی دەبێتە هۆی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ، هۆکارێک دەبێت بۆ دامەزراندنی دەرچوانی كۆلێژی کشتوکاڵ و پەیمانگای کشتوکاڵ، هەروەها دەرچەیەک دەبێت کە ئیتر بەرهەمی جوتیاران لە ناوخۆ ساغ بکرێتەوە و ڕەوانەی بغدا نەکرێت و چیتر مافی جوتیارانی كوردستان لە لایەن بەغداوە پێشێل نەکرێت.

دووەم/ دروستکردنی سایلۆیەک لە گەرمیان بەبڕی 20 ملیار دینار کە تایبەتە بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران کە توانای هەڵگرتنی 30 هەزار تەن گەنمی هەیە.

سێیەم/ سەرۆک وەزیران بەردی بناغەی گەورەترین ناوچەی پیشەسازی دانا کە لە 500 کارگە و کۆگا پێکدێت، ئەمەش پاڵنەرێکی گرنک دەبێت بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی جوتیاران و قۆناغێکی گرنگیشە بۆ پیشەسازیی ناوخۆ.

چوارەم/ لە پێناو بەدەستهێنانی پاڵپشتیی زیاتر بۆ جوتیاران، حکوومەتی هەرێم بڕیاری کەمکردنەوەی نرخی کارەبای بۆ سەرجەم پرۆژە کشتوکاڵیەکان دەرکرد کە ئەمەش هۆکارێک دەبێت بۆ ئەوەی جوتیاران و خاوەن پرۆژە کشتوکالیەکان بە تێچویەکی کەمتر بەرهەمەکانیان پێبگەیەنن، جگە لەوەی ئەم بڕیارە بۆ فرۆشیار و كڕیاریش سوودی دەبێت، چونکە کاریگەری لەسەر نرخی بەرهەمەکان دەبێت.

پێنجەم/ بۆ ئەوەی ڕەنجی جوتیاران بە فیڕۆ نەچێت کە لە کاتێکدا و لەیەک وەرزدا چەندین بەرووبووم دێتە نێو بازاڕ، بەمەش جوتیارەکان تووشی زەرەر دەبوون، حکوومەت بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی هەندێک بەرهەمی کشتوکاڵی بەپێی وەرزەکان دەرکرد.

ئەمانە و چەندان پڕۆژەی دیكەی جۆراوجۆر لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، بەرئەنجامی كاركردنی ١٣ مانگی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە دەتوانین بە كابینەیەكی خاوەن ستراتیژ و دووربین لە قەڵەمی بدەین.