حكوومەتی چاكسازیی و نەترس لە گەندەڵكاران
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

حكوومەتی چاكسازیی و نەترس لە گەندەڵكاران

 

ئەم یاسای چاكسازییەی ئێستا كە لە 1ی7ی2020ەوە دەست بە جێبەجێكردنی پێڕەو و ڕێنماییەكانی كراوە و وا بڕیارە كۆتایی ئەم مانگە واتە مانگی 9 كۆتایی پێ بێت و ئینجا حكوومەت ڕاپۆرتێك لەسەر ئەم بابەتە بنێرێت بۆ پەرلەمانی كوردستان، ئەم چاكسازییە كە پێشتر وەك پرۆژەیاسا لەئارادا بوو، حیكایەتێكی دوورودرێژی ھەیە. بەڵام لەگەڵ دەستبەكاربوونی ئەم حكوومەتە سەرلەنوێ و بەدەستكارییەكی باشتر و كامڵتر ئامادەكردنی پرۆژەیاسای چاكسازی لە لایەن حكوومەت و ناردنی بۆ پەرلەمان بۆ گفتوگۆ و پەسەندكردن بووە كاری یەكەم و لەپێشینەی ئەم كابینەیە، ھەرچەندە گەندەڵكاران، ئەوانەی كە بەپێی یاسا شایستەی پلەی نائیب عەریف نین بەڵام پلەی لیوایان داونەتێ و بەو پلەیە خانەنشین كراون، ئەوانەی كە بەپێی یاسا شایستەی یاریدەدەری تێبینەر نین، بەڵام پلەی بەڕێوەبەری گشتییان دراوەتێ و بەو پلەیە خانەنشین كراون، ئەوانەی شارەزای خۆیشیان نین و ھەندێك جار ماڵی خۆیشیان نادۆزنەوە بەڵام پلەی شارەزایان لە وەزیفەی گشتی دراوەتێ و بەو پلەیە خانەنشین كراون، ئەوانەی خۆیان ھەتا ئێستاش پێویستیان بەوەیە كە لە 24 سەعاتی شەووڕۆژێكدا 12 سەعاتیان ئامۆژگاری بكرێن و ڕاست و چەپی خۆیان نیشان بدرێت، بەڵام پلەی ڕاوێژكاریان دراوەتێ و بەو پلەیە خانەنشین كراون، ھەموو ئەمانە و ھی تریش بە چەندین فرت و فێڵ و ھەوڵی چاوبەستەكێ و سەرلێشێواندن لەڕێگەی ڕاگەیاندن و بەتایبەتی لەڕێگەی پەیجی ساختە و ئەو سۆشیال میدیایەی كە بۆتە كانی و سەرچاوەی درۆ و بە ھەزارحاڵ ڕاستیی تێدا دەدۆزرێتەوە، وەك ھەوڵەكانی پێشتریان ھەوڵی زۆریان دا كە ئەمجارە پرۆژەیاسای چاكسازی بەتەواوی مردار بكەنەوە و گیانی تێدا نەھێڵن، بەڵام لەم كابینەیەدا، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە ئیرادەیەكی بەھێزەوە عەزمی جەزم كرد و تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی كە ئەگەر ئەوانی تر بیانەوێت درێژە بە دروستكردنی كۆسپ و گیروگرفتەكان بدەن و بە پاساوی ناپەسەند درێژە بە دەستی دەستی پێكردن بدەن، ئەوە ھیچ كۆسپێك نیە لەبەردەم ئەوەی كە ئەو پرۆژەیاسایە لە كاتێكی دیاریكراوی خۆیدا لە ئەنجوومەنی وەزیران تەواو بكرێت و دەشنێردرێت بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و دەنگیش دەھێنێت. جا كاتێك گەندەڵكاران و نوێنەرەكانیان ئەم ئیرادە بەھێزە و ئەم جەربەزەیی و سووربوونەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیان بۆ چاكسازی و كردنی ئەو چاكسازییە بە یاسا بۆ دەركەوت، ئینجا لە ڕێگەی نوێنەراكانیانەوە وتیان: ئامەننا! ئەگینا ئەگەر ئیرادەی بەھێز بۆ چاكسازی و نەترسیی سەرۆكی حكوومەت لە گەندەڵكاران نەبوایە، ئێستا پرۆژەیاسای چاكسازی لەمێژ بوو سەری تیا چووبوو. جا كێ دەیەوێت لەم ڕاستیە دڵنیا بێتەوە با بچێت شوێن حیكایەتی مێژووی یاسای چاكسازی بكەوێت، چونكە دەیان لێدوان و گفتوگۆ و مشتومڕ وەك بەڵگەی ئیسپاتكردنی مێژووی ئەم حیكایەتە لەبەردەستدان.