”بڕیاره چه‌ندین نوێنهرایەتیی دیكه‌ی وڵاتان له كوردستان بكرێنه‌وه“
له چاوپێكه‌وتنێكدا سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ (باس‌نیوز)، باس له دیپلۆماسیه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پرسی رۆژئاوای كوردستان و په‌یوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا و كوردستان ده‌كات.
(باس‌نیوز): ئێستا دیپلۆماسیه‌تی كوردستان له چ ئاستێكدایە؟
سه‌فین دزه‌یی: جێگا و پێگه‌ی كوردستان ئینكار ناكرێت، به‌داخه‌وه هه‌ندێك جار له كوردستان و له‌ناوخۆمان، ئه‌و دۆخه نادیده ده‌گرن، یاخود ده‌یانه‌وێت له‌به‌ر هه‌ندێك هۆكاری سیاسی، بایه‌خی كه‌م بكه‌نه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گره، له كاتی شه‌ڕی داعش و دوای شه‌ڕی داعش و ریفراندۆم، كوردستان تایبه‌تمه‌ندیی خۆی پاراستووه، ئه‌و هاموشۆ و دیپلۆماسییه له ئاستی سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی هه‌رێم و وه‌زیره‌كان به‌رده‌وام هه‌بووه. هاتنی باڵیۆز و كونسوڵخانه‌كان و ئێستاش زیادبوونی كونسوڵخانه‌كان له ئارادایه واده‌گه‌یه‌نێت، كه كوردستان جێگا و پێگه‌ی بایه‌خی ئه‌و وڵاتانه‌یه، جا هه‌ر وڵاتێك له دیدگای خۆیه‌وه ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی هه‌یه، هه‌یه له رووی ئابوورییه و هه‌یه له رووی سیاسی و ئه‌منی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه و هی هه‌ندێكیان هه‌ر هه‌موویه‌تی. ئارامیی كوردستان گرنگه، چونكه ئه‌گه‌ر كوردستان ئارام نه‌بێت، ناوچه‌كه‌ش ئارام نابێت. ئارامبوونی كوردستان رۆڵی هۆکاری خێر له ناوچه‌كه‌دا ده‌بینێت.
(باس‌نیوز): په‌یوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا و كوردستان چۆنه؟
سه‌فین دزه‌یی: له‌دوای شه‌ڕی یه‌كه‌می کەنداو و دوای كۆچڕه‌وی كوردان، بڕیاری 688ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و دامه‌زراندنی هێڵی 36 و ناوچه‌ی ئارام، دواتر دامه‌زراندنی حكوومه‌تی هه‌رێم و هه‌ڵبژاردن، له‌و كاته‌وه تائێستا په‌یوه‌ندیی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا هه‌بووه، هه‌رێمی كوردستان له كاتی گۆڕینی سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له جۆرج بۆشی باوك تا كلینتۆن و بۆشی كوڕ و ئۆباما و تره‌مپ، گۆڕانكاریی له په‌یوه‌ندیدا نه‌بووه، ره‌نگه به‌هۆی رووداوه‌كان، كه دێنه پێشه‌وه، گۆڕان رووبدات، له‌وانه له 2014 له‌گه‌ڵ هاتنی داعش ئه‌و په‌یوه‌ندییه تێروته‌سه‌له سه‌ربازییه نه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، دواتر دروست بوو، ئه‌مه‌ریكا به‌رژه‌وه‌ندیی له ناوچه‌كه‌دا هه‌یه و ستراتیژیه‌تی هه‌بووه و به گۆڕانكاریی كه‌سایه‌تییه‌كان له كۆشكی سپی كاریگه‌ریی نابێت، به‌ڵام به‌پێی رووداوه‌كان ئهولهویهتییهكان ده‌گۆڕێت.
(باس‌نیوز): باس له‌وه ده‌كرێت، كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی توركیا هاوكات بووە له‌گه‌ڵ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و سەرۆکی فه‌ره‌نسا، كه ئه‌وه‌ش وا لێكدرایه‌وه، كوردستان ده‌بێته به‌شێك له گرفته‌كان.
سه‌فین دزه‌یی: هه‌رێمی كوردستان هێزێكی ئه‌وه‌نده گه‌وره نییه، هه‌ندێك پرسی وڵاته زلهێزه‌كان، وه‌ك توركیا و فه‌ره‌نسا حه‌سم (یه‌كلایی) بكاتەوە، بێ گومان هه‌ردووكیان دۆستمانن، فه‌ره‌نسا له هه‌شتاكانه‌وه رۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه و له 2017 به‌دواوه سه‌رۆك (ئیمانوئیل ماكرۆن) و فه‌ره‌نسا، یه‌كه‌م وڵات بوون، كه هه‌وڵی شكاندنی ئابڵووقه‌ی سه‌ر كوردستانیاندا، له‌به‌ر ئه‌وه خۆمان نه‌خستووه‌ته مهوقیعێكهوه، كه هه‌ڵبژارده‌مان هه‌بێت، نه‌خێر دۆستایه‌تیی هه‌موولایه‌ك ده‌كه‌ین. دووه‌م ئه‌و بانگهێشته‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم له ناوه‌ڕاستی مانگی 8ه‌وه، به‌ر له هاتنی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا كرابوو، به‌س كاته‌كه‌ی دیاری نه‌كرابوو، ئه‌گه‌رنا دوو هه‌فته به‌ر له چوونی بۆ توركیا، ئه‌و بانگهێشته له ئارا دابوو. دیداری سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا له به‌غدا زۆر باس و خواسی لێ كراوه، به‌تایبه‌ت پرسی فه‌ره‌نسا و توركیا، هه‌روه‌ها له دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاگادار كرایه‌وه، كه ئه‌و سه‌فه‌ره هه‌یه و توانرا دید و بۆچوونی لایه‌نه‌كان بگه‌یه‌نرێته ئه‌نقه‌ره.
(باس‌نیوز): دۆخی سووریا چی لێدێت؟ كوردستان چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سووریا ده‌كات؟
سه‌فین دزه‌یی: له‌باره‌ی سووریاوه، له‌سه‌ره‌تای رووداوه‌كان له 2011، ئامۆژگاریی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان و حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ رۆژئاوا ئه‌وه‌بوو، خۆیان نه‌كه‌نه به‌شێك له گرفته‌كان، به‌ڵكوو هه‌وڵ بده‌ین ئه‌و به‌شه بپارێزین و هیچ لایه‌نێك ئیستفزاز نه‌كه‌ن، چ توركیا و چ سووریا، یان نەبنه به‌شێك له ئه‌جێندای ده‌ره‌كی. ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆنن به به‌رنامه‌یه‌كی روون، كه بۆ داهاتووی سووریا باش بێت، یان كورده‌كان به‌یه‌كه‌وه دانوساندن له‌گه‌ڵ رژێم بكه‌ن، بۆ هه‌ندێك ده‌ستكه‌وت و پاراستنی مافی ره‌وای كورد له سووریا، له‌به‌ر ئه‌وه چه‌ند جار به سه‌رپه‌رشتیی سه‌رۆك بارزانی، كۆنفرانسی هه‌ولێر و دهۆك ئه‌نجام درا، به‌داخه‌وه لایه‌نێك له‌و لایه‌نانه پابه‌ند نه‌بوو، ئێستا هه‌وڵێك هه‌یه بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌یان، ئومێده‌وارین یه‌ك ستراتیژیه‌تیان هه‌بێت، یه‌كڕیزییان پێویسته. سه‌رۆك بارزانی له‌وباره‌وه زۆر هه‌وڵی دا و ئێستاش هه‌وڵ هه‌یه، به‌ڵام دۆخی سووریا ئاڵۆزه و وڵاتانی زلهێز له‌ناو پرۆسهكهدان، كۆمه‌ڵێك فاكتتهری جیاواز هه‌یه، به‌ڵام به‌داخه‌وه خه‌ڵك زه‌ره‌رمه‌ند بووه، نزیكه‌ی 400 هه‌زار كه‌س به‌هۆی شه‌ڕه‌وه گیانیان له‌ده‌ست داوه، زیاتر له 11 ملیۆن سووری ئاواره بوون، چ ئاواره‌ی ده‌ره‌وه و یان ناوخۆ، دۆخێكی ناخۆشه و كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ئاسایشی ناوچه‌كه و عێراق و دەوروبهر كردووه، هیوادارین ئه‌و دۆخه چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وه‌ش پێویستی به چاره‌سه‌ری سیاسی هه‌یه. تائێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته ده‌رئه‌نجام، وڵات وێران بووه، پارچهەپارچه بووه، ده‌بێت كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی رۆڵی هه‌بێت و ئارامیی بگه‌ڕێته‌وه و به‌پێی ده‌ستووری تازه خه‌ڵك به مافه‌كانی خۆی شاد بن و له‌ناویاندا كوردانی سووریا، ئه‌مه ده‌رفه‌تی باشه مافه‌كانیان جێگر بكرێت.
(باس‌نیوز): گفتوگۆكانی ئه‌نه‌كه‌سه و ته‌ڤده‌م له‌باره‌ی هێزی سه‌ربازییه‌وه چی؟
سه‌فین دزه‌یی: ئه‌و ناوچانه‌ی، كه رژێمی لێ نییه، ده‌بێت لایه‌نێك به‌رپرسیاریه‌تیی پاراستنی ئاسایشی وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه ده‌بێت هاوبه‌ش بێت، ئه‌گه‌ر هه‌ندێك له لایه‌نه‌كان له بڕیاری چاره‌نووساز و سیاسی هاوبه‌ش بن، یه‌ك ئامانجیان ده‌بێت. ئه‌گه‌ر له بڕیاره‌كان به باش و به خراپ له رووی ئاسایش و ئابووری و خزمه‌تگوزاری به‌یه‌كه‌وه شان بده‌نه به‌ری، دۆخه‌كه هاوسه‌نگ هه‌بێت، هیوادارین بگه‌نه ده‌رئه‌نجامێك. خۆفه‌رزكردن سه‌لماندنی به زه‌ره‌ر و زیانی ناوچه‌كه‌یه، لایه‌نێكی دیاریكراو به ئایدۆلۆژیه‌تی دیاریكراو و به‌ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌وه، به‌تایبه‌ت په‌كه‌كه، له زه‌ره‌ر و زیان زیاتر سوودی نه‌بووه، بۆیه هیوادارین كوردانی سووریا به هه‌موو ره‌نگ و ده‌نگه‌كانیانه‌وه خۆیان خاوه‌ن بڕیاری خۆیان بن، نه‌ك لایه‌نێكی دیكه خۆی فه‌رز بكات.
(باس‌نیوز): بڕیاره سه‌رۆكی حكوومه‌ت سه‌ردانه‌كانی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ست پێ بكاته‌وه؟
سه‌فین دزه‌یی: له كاتی ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌م، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران چه‌ندین سه‌فه‌ری كرد بۆ ئوردن و توركیا و كۆنفرانسی میونخ و ئیتالیا و فاتیكان و ئیمارات و قه‌ته‌ر، به‌ڵام به‌داخه‌وه كۆرۆنا له مانگی 1 و 2 وای كرد، كه به‌شێك له پرۆگرامه‌كان دوابخرێن. به‌رنامه هه‌بووه سه‌ردانی چه‌ندین وڵاتی دیكه بكات، یان شاندی هه‌ندێك وڵات سه‌ردانی كوردستان بكه‌ن، هه‌رچه‌نده له‌م دواییه دوو وه‌زیری گرنگی فه‌ره‌نسا سه‌ردانی كوردستانیان كردووه، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فنله‌ندا سه‌ردانی كوردستانی كردووه، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش. ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه ئارام بێته‌وه، یان نیمچه ئاسایی ببێته‌وه، به‌رنامه هه‌یه چه‌ند سه‌ردانی فه‌رمیی سه‌رۆكی حكوومه‌ت و سەرۆکی هه‌رێم ئه‌نجام بدرێن و كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، هه‌ندێك وڵات ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه، هه‌ندێكیان خۆمان كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، شاندی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی كوردستانی كردووه، له‌داهاتوودا شاندی دیكه دێن. ئه‌مه‌ریكا له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه و مانگ و نیوێكی دیكه ده‌ست پێ ده‌كات. له‌م ئان و ساته رێك ناكه‌وێت شاندی كوردستان بچێته ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆ لەنێوان سه‌رۆكی حكوومه‌ت و سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه و په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی هه‌بووه، به‌رده‌وام پەیوەندیی له‌گه‌ڵ وه‌زیری وزه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه، په‌یوه‌ندیی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا، كه نوێنهرایەتیی وڵاتیان ده‌كه‌ن، ئه‌وان بۆ دانیشتن و چای خواردنه‌وه نایه‌ن، هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخه‌كه و بۆچوونی حكوومه‌تی خۆیان ده‌گه‌یه‌نن، بۆچوونی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و سەرۆکایەتیی حكوومه‌ت وه‌رده‌گرن.
(باس‌نیوز): ئه‌مه‌ریکا بۆ رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا فشاری هه‌یه؟
سه‌فین دزه‌یی: ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق و كوردستان هه‌وڵی خۆی داوه، به‌ڵام ره‌نگه دۆخه‌كانی رابردوو جیاواز بووبن، ئه‌و فشاره‌ی له‌سه‌ر خودی حكوومه‌تی عێراق بووه، به‌تایبه‌ت له‌سه‌رده‌می حكوومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی، بینیمان خه‌ریك بوو بگه‌نه ئەنجامێک، كه‌چی حكوومه‌ت دووچاری خۆپیشاندان بوو و ناچار ده‌ستی له كار كێشایه‌وه. له دیداری ئێمه و ئه‌مه‌ریكا، ئەوان پاڵپشت بوون بۆ ئێمه و به‌غدا، بۆ ئه‌وه‌ی رێك بكه‌وین، ئه‌وه‌ش كه‌شوهه‌وای گونجاوی پێویست بوو.
(باس‌نیوز): بڕیاره گۆڕانكاری له په‌یوه‌ندییه‌كاندا بكرێت؟
سه‌فین دزه‌یی: به‌ڵێ، نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی وڵاتان له كوردستان فراوان ده‌بێت، له كاتی گونجاو بڕیار ده‌درێت و بڕیاره چه‌ند وڵاتێكی دیكه كونسوڵخانه‌یان له كوردستان بكه‌نه‌وە، بەڵام پێم باش نییه ناویان بهێنم.