دەهۆڵکوت و خەون رەنگاڵەییەکانیان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دەهۆڵکوت و خەون رەنگاڵەییەکانیان

 

لە سەروبەندی سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ مستەفا کازمی بۆ هەرێمی کوردستان، کەمینەیەکی خۆ بە کەمزان فەزای سۆشیال میدیای کوردی-یان هەراسان کرد بە پێداهەڵگوتن بە کەسایەتیی موستەفا کازمی. ئەو گرووپە نامۆیە کاری تەنها چەپڵەکوتینە بۆ هەر کەس کە خۆیان لای خۆیانەوە پێیان وایە رۆژێ لە رۆژان دەبنە ركابەری سەركردەكانی كورد. با لەوە گەڕێین کە بەڕێز کازمی تا هەنووکە لێدوانێکی دوژمنکارانەی دژی هەرێمی کوردستان نەبووە، بگرە ڕێزی زۆری نواند هەمبەر سەرکردایەتیی کورد لەو سەردانەیدا و سەرسامییشی بە ئاوەدانیی هەولێری پایتەخت دەربڕی تا کار گەیشتە ئەوەی داوای بینینی خاوەنی کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژە گرنگەکانی هەولێری کردبوو. ئەو خۆبه‌كه‌مزانانه‌ ئەگەر بەو خەیاڵە ئەو بانگەشەە ئەكەن له‌ سۆشیاڵ میدیا و گوایە دوژمنایەتی هەرێم دەکەن و كازمی هان ده‌ده‌ن به‌ دوژمنایه‌تیكردنی كوردستان، بە هەڵەدا چوون، چونكه‌ كازمی ئه‌مه‌ی ناوێت و بگره‌ ده‌یه‌وێت له‌ كورد نزیكتریش بێت و سه‌رسامی ئه‌زموونه‌كه‌یه‌‌ و به‌ ئاشكرا له‌م سه‌فه‌ره‌یدا ئه‌مه‌ی ده‌ربڕیوه‌ سه‌باره‌ت به‌م ئارامی و ئاوەدانیە كه‌ بینیویه‌تی لە پایتەخت و شاره‌كانی تر. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی باسه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆربەی سیاسییە عێراقییەکان بە درێژایی مێژووی ئەم وڵاتە، بایی خۆیان دەهۆڵکوت و چەپڵەکوتیان لە کوردستان هەبووە، بە سەدامی دیكتاتۆریشەوە، باشمان لەبیرە چ حەشاماتێك لەدەوری سەدام كۆ دەبوونەوە كە دەهاتە، شارەكانی كوردستان (لەگەڵ ڕێزی زۆرم بۆ ئەوانەی بەزۆر و بە هەڕەشە دەبران)، بەڵام ئەوە مایەی نیگەرانی نیە، ئەم گرووپە خۆ بە كەمزانە نە زۆرن نە جۆرن، بە دەگمەن تیایاندایە سەرە واوێک لە سیاسەت حاڵی ببێت. ئەمجارە، ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا ده‌یكه‌ن بۆ عەلاوی و جەعفەری و مالیکی و عەبادییش كردیان، جگه‌ له‌ سه‌رشۆڕی هیچی تریان بۆ نه‌مایه‌وه‌ و ئیراده‌ی گه‌ل هه‌ر به‌هێزتر بوو. كارێكی زۆر بێ بنەمای زانستی و ویژانییشە كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم به‌روارد بكرێت به‌ حكوومه‌تی عێراق، دەبێ ئەوەش بزانین كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان به‌م بێ ئیمكانیاته و قه‌یرانه‌ی كه‌ به‌سه‌ریدا سه‌پێندراوه‌ له‌ رووی داراییه‌وه‌ و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ قه‌یرانی ته‌ندروستی كۆرۆناش به‌رۆكی گرتووین له‌م ماوه‌ كه‌مه‌دا به‌بێ هه‌بوونی بودجه‌ چه‌ندین پرۆژه‌ی ستراتیژیی له‌ هه‌موو شاره‌كان جێبه‌جێ كردووه و له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناش سه‌ركه‌وتوو بوونه‌ كه‌ به‌ به‌راورد به‌ عێراق رێژه‌كه‌ له‌ كوردستان زۆر كه‌متره‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ندێك هێزی كوردیی نابه‌رپرس خه‌ڵكیان به‌لاڕێدا برد سه‌باره‌ت به‌ هه‌بوونی ڤایرۆسه‌كه‌ و له‌ خۆپاراستنیان ساردیان كردنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی شاره‌كانی به‌غدا و به‌سڕا و مووسڵ بكه‌ن، ئینجا ده‌زانن كوردستان له‌ ڕووی خزمه‌تگوزاری و ئاوه‌دانی و ئه‌منییەوە چه‌نده‌ له‌پێشتره‌ له‌ ئه‌وانه‌ی دوایان كه‌وتوون و ده‌هۆڵیان بۆ ده‌كوتن وه‌ك چاوه‌ش. عێراق پاره‌یه‌كی زۆری له‌به‌ر ده‌سته‌ له‌ رووی یه‌ده‌گه‌وه‌ بەڵام كوردستان لێی بێ به‌شه‌ و مافی خۆشمان پێ ڕه‌وا نابینن، ئینجا كه‌مینه‌یه‌كی نابه‌رپرس و خۆفرۆشیش دێن داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كیانه‌كه‌مان ده‌كه‌ن و دوای ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌وتوون كه‌ مافیان لێ زه‌وت كردووین. ئه‌گه‌ر بڕوانینه‌ كابینه‌ی نۆیه‌م بە سەرۆكایەتیی بەڕێز مەسرور بارزانی كه‌ چه‌ند به‌ په‌رۆشه‌وه‌یه‌ له‌ به‌جێگه‌یاندنی به‌ڵێنه‌كانی كه‌ له‌ كارنامه‌ی حكوومه‌تدا به‌ هاوڵاتیان درا و به‌ پێی ئه‌م بارودۆخه‌ی كه‌ هه‌یه‌ له‌ رووی ئابووری و ته‌ندروستی و ئاوەدانكاری و خزمەتگوزاری و تەنانەت دیبلۆماسییشەوە،‌ توانیویه‌تی رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ خاڵه‌كانی نێو كارنامه‌ی حكوومه‌ت به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نن و كار ده‌كه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌وانه‌ی تریش، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ده‌هۆڵكوته‌كان دوایان كه‌وتوون هه‌تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی به‌ خۆپێشانده‌ران و شه‌قامی عێراقی و لایه‌نه‌كانیان داوه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن. بۆیه‌ ده‌یڵێمه‌وه‌ خۆتان به‌ كه‌م مه‌زانن و خه‌ڵكی به‌ زۆر، به‌سیه‌تی خۆبچووككردنەوە و ده‌هۆڵكوتین بۆ بێگانه، پێشینان گوتویانه‌ دار كرمی له‌ خۆی نه‌بێت ته‌مه‌نی هه‌زار ساڵه‌.