سەركۆماری یۆنان: ئەگەر ئاشتیت دەوێت دەبێ هەموو كات خۆت بۆ جەنگ ئامادە بكەیت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەركۆماری یۆنان: ئەگەر ئاشتیت دەوێت دەبێ هەموو كات خۆت بۆ جەنگ ئامادە بكەیت

سەركۆماری یۆنان، دوای گرژی و ئاڵۆزیی نێوان توركیا و یۆنان لەسەر دەریای سپی، بۆ یەكەمجار و لە رێوڕەسمی ٧٧مین ساڵیادی گێڕانەوەی دوورگەی (مێیس) بۆ سەر یۆنان پەیامێكی بۆ توركیا نارد و دەڵێت ئەگەر ئاشتیت دەوێت، دەبێت هەموو كاتێك باشتر خۆت بۆ جەنگ ئامادە بكەیت.

كاتەرینا ساكالارۆپۆلو سەركۆماری یۆنان، رێوڕەسمی ٧٧مین ساڵیادی گێڕانەوەی دوورگەی (مێیس) بۆ سەر یۆنان، وتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: "ئەوكاتەی قەیرانێك دروست دەبێت، ئێمە لەگەڵ دیالۆگداین و پشتگیری لە دیالۆگ دەكەین، بەڵام لەژێر هەڕەشەدا هیچ دیالۆگێك ناكەین".

یۆنان لە ماوەی١٠ ساڵدا ١٠ ملیار یۆرۆی بۆ كەرتی سەربازی خەرج كردووە، سەركۆماری یۆنانیش دەڵێت ١٥ هەزار چەكدارمان بەهێز دەكەین و پڕ چەكیان دەكەین، هەروەها ١٨ فڕۆكەی جەنگیش لە فەڕەنسا وەردەگرن و ئامادەكاریی تەواویان هەیە بۆ جەنگ، ئەگە بەرۆكیان بگرێت.

ئەم قسانەی سەرکۆماری یۆنان لە کاتێکدان کە كیریاكووس میچۆتاكیس، سەرۆكوەزیرانی یۆنان، ڕۆژی دووشەممە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند ئامادەیە لەگەڵ ئەردۆغان کۆ ببێتەوە، باسی لەوەش کرد توركیا هەنگاوێكی ئەرێنی ناوە بەوەی كەشتی (ئورووچ رەیس)ی لە دەریای سپی كشاندەوە و بۆ مینای ئەنتاڵیای گەڕاندەوە.

سەرۆکوەزیرانی یۆنان گوتیشی: "ئەسینا ناچێتە ناو پێشبڕكێی چەكەوە، ئێمە تەنیا پارێزگاری لە خۆمان دەكەین و ئەوانەش کە دەنگۆی ئەوە بڵاو دەكەنەوە كە ١٢ دوورگەمان پڕ چەك كردووە لەدژی توركیا، درۆیە و هیچ بنەمایەكیان نییە. من وەكوو سەرۆكوەزیران ئامادەم لەسەر مێزی گفتوگۆ لەبارەی دەریای سپی لەگەڵ ئەردۆغان دابنیشم.

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە تورکیا لە دەریای سپی بە چوار کەشتییەوە بەدوای غازی سپیدا دەگەڕێت و کۆمەڵێک چەکوچۆڵی لە نزیکە دوورگەکانی یۆنان جێگیر کرد و ئەمەش بووە هۆی گرژی و ئاڵۆزیی نێوان تورکیا و یۆنان و تەنانەت وڵاتانی ئەورووپی و بەتایبەتی فەڕەنسا لەدژی تورکیا هاتنە دەنگ.