چەند دیمەنێکی قەڵای مێژوویی حەسەن ئاوا لە نزیک سنە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

چەند دیمەنێکی قەڵای مێژوویی حەسەن ئاوا لە نزیک سنە

قەڵای مێژوویی حەسەن ئاوا دەكەوێتە سەر شاخێکی بەرز لە نزیک شارەدێی حەسەن ئاوا کە بە دووری ٥ كیلۆمەتر لە نزیك شاری سنە هەڵکەوتووە.

بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان، مێژووی دروستكردنی ئەم قەڵایە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میرنشینی ئەردەڵان. كە لەسەر دەستی ئەمیر حەسەن خان میرنشینی ئەردەڵان لە ساڵی ٧٤٦ی کۆچی و سەرەتای فرمانڕەواییان لەو ناوچەیە دروست كراوە و وەک ناوەندی حکوومەتی خۆی دەستنیشانی کردووە و وەک شوێنێکی ستراتیژی هاتووەتە ئەژمار.

لە سەرەتای سەدەی دەیەمی کۆچی "هەڵۆ خان ئەردەڵان" والیی ئەوکاتی پارێزگای سنە قەڵای حەسەن ئاوای کردووەتە ناوەندی دەسەڵاتی خۆی و ئاوایی حەسەن ئاوا و قەڵاکەش بەرلە شاری سنە ناوەندی دەسەڵاتی میرنشینی ئەردەڵان بوون.

قەڵای حەسەن ئاوا، وەك بارەگایەكی سەرەكی بەكار هێنراوە بەتایبەت لەكاتی شەڕی نێوان میرنیشینی ئەردەڵان و سەفەوییەكاندا ناوەندێکی گرنگ و جێگەی بڕیار بووە.

لە ساڵی ١٠٤٦ی کۆچی و پاش ڕووخانی قەڵای حەسەن ئاوا، ناوەندی دەسەڵاتی میرنشینی ئەردەڵان گوێزرایەوە بۆ سنە و قەڵای بچووکی (سنەدژ) لە ناوەندی شار کرایە ناوەندی دەسەڵات و شاری سنە بنیات نرا.

قەڵای حەسەن ئاوا یەکێک لەو شاخە سەخت و لێژایی و ستراتیژییەکانی ناوچەکەیە کە زاڵە بەسەر چوار دەوری خۆیدا کە ٤٠٠ مەتر بەرزە و دیوارەکانی قەڵاکە کاتی خۆی ١١٠٠ مەتر درێژ بووە و چەندین ژوور و ناوەندی سەربازی و دیواخانەی گرنگی تیدا بووە، بەڵام دوایی بەهۆی گرنگی پێنەدانی ڕووخاوە و ئیستا ئاسەواریکی کەمی لێ ماوەتەوە.

قەڵای حەسەن ئاوا بە ژمارە ١١٧٥٨ لە زستانی ١٣٨٣ی هەتاوی (٢٠٠٣ی زایینی) لە ڕیزی شوێنەوارە میللییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی دروستکردنی چەند دیکیۆمێنتێکی مێژوویی لەبارەی ئەم قەڵایە سەرنجی گەشتیاران و دۆستانی شوێنەوارناسی بۆ لای ڕاکیشراوە و هەندێ نۆژەن کراوەتەوە و لە دەوروبەری داری بەڕوو و سنەوبەر چێندراوە.