وەزارەتى بازرگانى: کۆڕۆنا کاریگەریى نەکردووەتە سەر هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل بۆ هەرێمی کوردستان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزارەتى بازرگانى: کۆڕۆنا کاریگەریى نەکردووەتە سەر هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل بۆ هەرێمی کوردستان

 

"تەنیا لە شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵ زیاتر لە 33 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەى هەرێم کراون"

گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى هەرێمی کوردستان رایگەیاند بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڕۆنا و رێککارەکانى خۆپارێزیى کاریگەریان نەبووە لەسەر هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل بۆ هەرێمى کوردستان، چونکە تەنیا لە ماوەى شەش مانگدا زیاتر لە 33 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەکراون.

فەتحى محەمەد،گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى حکوومەتى هەرێمی کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "هەرچەندە بەهۆى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڕۆنا و رێککارەکانى خۆپارێزیى و قەدەغەى هاتوچۆوە، لە ماوەى دوو مانگدا هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل سستى بەخۆوە بینى، بەڵام لەرێگەى چەند رێنمایێکەوە حکوومەت ئاسانکاریى کردووە بۆ هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل و قەرەبووکردنەوەى ئەو ماوەیەى کە هاوردەکردن تێیدا وەستابوو".

راشیگەیاند: "تەنیا لەماوەى شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵدا 33 هەزار و سەد و پێنج ئۆتۆمبێل لەسەرجەم دەروازە سنورییەکانەوە هاوردەى هەرێمی کوردستان کراون، ئەمەش بەبەراوردى ساڵى رابردوو رێژەیەکى زۆر باشە چونکە ساڵى رابردوو لەماوەى 12 مانگدا 65 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەکران".

ئەوەشى خستەڕوو" ساڵانە تەنیا رێگە بە هاوردەکردنى دوو مۆدێلى ئۆتۆمبێل دەدرا هاوردەى هەرێمی کوردستان بکرێن، بەڵام ئەمساڵ رێگە بەهاوردەکردنى سێ مۆدێل درا ئەمەش وەک ئاسانکاریى، واتا ساڵەکانى 2018 و 2019 و 2020 بەمەرجێک ئەو ئۆتۆمبێلانەى ژمارەى شانسیەکانیان بە 2019 تۆمار کرابێت".