كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

كاكەمین نەجاڕ: په‌یوه‌ندیی پارتی و یه‌كێتى باشه‌ و له‌م نزیكانه‌ كۆدەبینەوە

 

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی لە ”باش“یی پەیوەندیی نێوان حزبەكەی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كردەوە و رای گەیاند كە ”لەم نزیكانە“دا هەردوو حزب كۆدەبنەوە.

كاكه‌مین نه‌جاڕ، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسىی پارتى دیموكراتى كوردستان و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیی هه‌ولێرى حزبەكە به‌ (باسنیوز)ى ڕاگه‌یاند: ”په‌یوه‌ندییه‌كانى ئێمه‌ و یه‌كێتى باشه‌‌، له‌م نزیكانه‌ش كۆبوونەوە ئه‌نجام ده‌ده‌ین، به‌ڵام هێشتا كاته‌كه‌ى دیاری نه‌كراوه، چونكه‌ چه‌ندین جار كاته‌كه‌ دیارى كراوه‌، به‌ڵام به‌هۆى هاتنه‌ پێشى چه‌ند بارودۆخێك كۆبوونه‌وه‌كان نه‌كراون، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌یه‌كه‌وه‌ دانیشین و باس له‌ بارودۆخى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ین، چونكه‌ یه‌كێتیش وه‌ك ئێمه‌ له‌م حكوومه‌ته‌ به‌شداره‌“.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا كاكەمین نەجاڕ ئاماژەی بەوە كرد، پەیوەندی و كۆبوونەوەكانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدرال به‌رده‌وامه‌، ڕێككەوتنێك بۆ ئه‌م سێ مانگه‌ كراوە كه‌ به‌غدا به‌ بڕى ٣٢٠ ملیار دیناره‌ بنێرێت تاوه‌كوو ڕێككەوتنی ته‌واو ده‌كرێت، شاندەكانیش له‌ گفتۆگۆدان بۆ ئه‌وه‌ى ڕێككەوتنی كۆتایى بكرێت. گوتیشی: ”سه‌ردانه‌كه‌ى مسته‌فا كازمى باش بوو كه‌ هاته‌ هه‌رێمى كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانى و سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكى حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان ئه‌نجام دا، دواتریش چووه‌ سلێمانى، پێویسته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بزانێت كه‌ هه‌رێمى كوردستان نیازپاكى هه‌یه‌ له‌ ڕێككەوتنی له‌گه‌ڵ به‌غدا، ده‌یه‌وێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، به‌شێكى ترى سه‌ردانه‌كه‌ش له‌وانه‌یه‌ په‌یوه‌ندى به‌ خۆیانه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ هه‌ڵبژاردنیان له‌پێشه‌“.