حكوومەتی تەسلیم نەبوون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

حكوومەتی تەسلیم نەبوون

سەرەڕای ئەوەی عێراق لە دەستووردا وەك دەوڵەتێكی فیدراڵی پێناسە كراوە و ماف و ئەركی بۆ ھەرێمی كوردستان و عێراق داناوە و چەسپاندووە، كەچی بە باری ناچاری، دەبێت حكوومەتی ھەرێمی كوردستان وەك دەوڵەتێكی جیا لە عێراق گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی عێراق بكات، ھەروەك ئەوەی عێراق دەوڵەتێكی دژ بە كوردستان بێت! ئەم عێراقە لە ھیچ نەچووە، دەستووری ھەیە، زۆربەی خەڵكەكەی 15 ساڵە بە بەڵێ دەنگیان بەو دەستوورە داوە، كەچی ئەوانەی، كە بە حساب بە دیموكراسی و ھەڵبژاردن ھاتوونەتە ناو پۆستە باڵاكانی دەوڵەت، دەبێت ھەموو جارێك بیریان بخەیتەوە، كە عێراق دەستووری ھەیە و دەبێت بەگوێرەی دەستوور كێشە و گیروگرفتەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق چارەسەر بكرێت. 13 ساڵە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان یاسای نەوت و غازی خۆی ھەیە، كە لەگەڵ دەستووری عێراقیش گونجاوە، بەڵام 15 ساڵە عێراق نایەوێت یاسای نەوت و غازی عێراق ھەبێت و بەگوێرەی دەستوور ئەو یاسایە دەربكرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە، كە خۆیان لە مافە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستان، لە بابەتەكانی تایبەت بە نەوت و غاز لەناو ئەو یاسایەدا بدزنەوە. ھەر وەزیرێكی نەوت و ھەر سەرۆك وەزیرانێكی عێراق، كە دێنە ناو دەسەڵات، بۆ ئیدارەی نەوت و غاز دەگەڕێنەوە یاساكانی سەردەمی بەعس، كە ھەرێمی كوردستان 13 ساڵە بە یاسای دەستوورییانەی خۆی شەقێكی توندی لەو یاسایانەی بەعس ھەڵداوە، 15 ساڵە دەستووری عێراق دەنگی پێدراوە، كەچی ھێشتا یەكەم قۆناغی جێبەجێكردنی مادەی 140، كە بریتییە لە ئاساییكردنەوە، جێبەجێ نەكراوە و لەمەشیاندا ھەتا ئێستا ئەوانەی بڕیاربەدەستن لە بەغدا، ھەروەك سەدام حوسێن و عێزەت دووری و عەلی حەسەن مەجید مامەڵە لەگەڵ ناوچەكوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان دەكەن. بڕیاربەدەستانی عێراق بۆ لەبیربردنەوەی مافە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستان، لە مەلەفەكانی نەوت و جێبەجێكردنی مادەی 140 ی دەستووری عێراق، ناوە ناوە بەشە بودجە و مووچەی ھەرێمی كوردستان دەبڕن، یان كەم دەكەنەوە، بۆ ئەوەی ھەموو خەیاڵ و بیركردنەوەی كورد بەلای دیناردا ببەن. 5 ھەتا 6 مانگ بە دانوستاندن لەسەر مووچە كورد سەرقاڵ دەكەن، بۆ ئەوەی بە پێنج شەش مانگ گفتوگۆ، ئینجا لەسەر ناردنی ھەندێك لە بەشە مووچەی ھەرێم بۆ ماوەی 3 مانگ ڕێك بكەوین!
بەڵام: -
ئەوەندەی من چاودێرییم كردبێت، ھیچ بەرپرسێكی عێراق، ھیچ بەرپرسێكی دەرەوەی عێراق، كە سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كردبێت و لەگەڵ بەڕێز مەسرور بارزانی، كۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر كێشەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق كردبێت، نەیانتوانیوە دەستوور لەبیر سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەرنەوە. ئەوەندەی من چاودێرییم كردبێت، ھیچ بەرپرسێكی عێراق، ھیچ بەرپرسێكی دەرەوەی عێراق، كە سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كردبێت و لەگەڵ بەڕێز مەسرور بارزانی كۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر كێشەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق كردبێت، نەیانتوانیوە بەھۆی دروستكردنی قەیرانی دارایی و دروستكردنی جاش ئەندام پەرلەمان و جاش قەڵەم و جاش ڕۆژنامەنووس و جاش قاچاخچی و جاش سۆشیال میدیا و جاش دز و جاش گەندەڵ، مافە دەستوورییە بنەڕەتییەكانی كوردستان لەبیر سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەرنەوە. لە ھەموو ئەو كۆبوونەوانەی نێوان بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و گشت ئەو بەرپرسانەی عێراق و دەرەوەی عێراقیش، كە باس ھاتبێتە سەر كێشە و گیروگرفتەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق و چارەسەركردنی ئەو كێشانە، ئەوان ویستوویانە كێشەی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق تەنیا لە مووچەدا كورت بكەنەوە، بەڵام سەرۆكی حكوومەت بە بیری ھێناونەتەوە، كە پێویستە ھەموو كێشەكان بەشێوەیەكی بنەڕەتی و لە رەگ و ڕیشەوە و بەگوێرەی دەستووری عێراق چارەسەر بكرێن و ئەم كێشانەش ھەر مووچە و پارە نین. واتە ئەم كابینەی حكوومەتە ئەو كابینەیە نییە، كە لەژێر دروستكردنی ھیچ فشارێكی دارایی و غەیری داراییدا دەست لە ھیچ مافێكی دەستووریی كوردستان ھەڵبگرێت، واتە ناڕاستەوخۆ سەرۆكی حكوومەت ئەو پەیامەی بە ھەمووان داوە، كە ئەم كابینەی حكوومەتە، كابینەی تەسلیمبوون نییە جا كێ دەیەوێت لەم ڕاستییە دڵنیا بێت، با بڕوات بە گشتی بە ھەواڵەكانی كۆبوونەوە و چاوپێكەوتنەكانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا بچێتەوە.