یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکان: خەریکە جووڵەی بازرگانی دەگەڕێتەوە سەر ڕێچكەی خۆی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکان: خەریکە جووڵەی بازرگانی دەگەڕێتەوە سەر ڕێچكەی خۆی

گوتەبێژی یەکێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد ماوەیەک بە چەند هۆکارێک خەریکە جووڵەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان لە چەند کەرتێک دەستی پێ کردووەتەوە و خەریکە دەگەڕێتەوە سەر ڕێچکەی پێشتری خۆی.

کاروان سوورچی، گوتەبێژی یەکێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی باس لەوە  دەكرێت كە مانگانە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە بڕێك پارە وەك شایستەی داریی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەنێردرێت کە بڕەکەی 320 ملیار دینارە ئەمەش وای كردووە جووڵەیەك لە بازار دروستب بێت و متمانە بۆ خەڵك بگەڕێتەوە".

گوتیشی: "هاتنی گەشتیاران لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق هۆكارێكی‌ترە كە جووڵەی بازرگانی ئێستا لە بازارەكانی هەرێمی كوردستان دروست بووەتەوە و ڕۆژانە لە ڕێگەی دەروازەكانەوە گەشتیارێكی زۆر ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەمەش دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری لە هەرێمی كوردستان".

گوتەبێژی یەکێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاشی گەیاند: "لە هەفتەی ڕابردووە جووڵەی بازرگانی لە كەرتی خانووبەرەش دروست بووە و  ئەمانەش ئاماژەی دڵخۆشكەرن و پێشبینی دەكرێت لە داهاتوودا جووڵەی بازرگانی بگەڕێتەوە سەر ڕێچكەی خۆی."

پاش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخرانی هەندێ کەرتی بازرگانی و نەهاتنی گەشتیار، ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لە سنوورەکانیش کەم بووەوە، بەم هۆیەوە خەڵکێکی زۆر بێکار بوون و چەندین کەرت تووشی قەیرانی دارایی هاتن، بەڵام ماوەیەکە هەست دەکرێت خەریکە جووڵەی بازرگانی و بازاڕ دەبووژێتەوە.